ژمارەی کوژراو و بریندارانی غەززە لە 105هەزار کەس نزیک بووەتەوە

K24 - هەولێر

وەزارەتی تەندروستی فەڵەستین دوایین ئاماری قوربانیانی کەرتی غەززەی لە شەڕی حەماس و ئیسرائیل بڵاوکردەوەو رایگەیاند، ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 31 هەزار 341 کەس و ژمارەی بریندارانیش بۆ 73 هەزار و 134 کەس بەرزبووەتەوە، کە زۆرینەیان ئافرەتان و منداڵانن.

هەروەها ئاماژەیداوە، تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا بەهۆی هێرشە ئاسمانیی و تۆپبارانەکانی سوپای ئیسرائیل 69 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون و 110 کەسی دیکەش برینداربوون.

راشیگەیاندووە، تاوەکوو ئێستاش ژمارەیەکی زۆری تەرمی هاووڵاتییان لە ژێر داروبەردی خانوو و باڵەخانە رووخاوەکاندا ماونەتەوە، بەڵام سوپای ئیسرائیل رێگرە لەبەردەم تیمەکانی بەرگری شارستانیی و تەندروستی بۆ دەرهێنانی رووفاتەکان و بەخاکسپاردنیان.

159 رۆژە شەڕی چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل لە کەرتی غەززە بەردەوامە، نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەهۆی درێژە کێشانی شەڕو نەگەیشتنی هاوکارییە مرۆییەکان بە خەڵکی سڤیلی ئەو کەرتە هۆشداری لە روودانی کارەساتێکی مرۆیی دەدەن بەهۆی بڵاوبوونەوەی برسێتی و نەخۆشی.