نەهرۆ رواندزی: حکومەتی عێراق جددی نییە لەسەر هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەو بڕە پارەی کە هەرێمی کوردستان لە فرؤشتنی نەوت دەستی دەکەوت ئێستا عێراق دەیبات.

نەهرۆ رواندزی، جێگری سەرۆکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەیاسایی بودجە لە ماددەی یەکەم باس لەوە دەکات کە داهاتی عێراق لەکێوە دێت، گوتیشی: داهاتی عێراق لەو سەرچاوەیە دێت کە دەبێت رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی دەرەوەی وڵات بکات، کە پێی دەڵێن داهاتی نەوتی لەگەڵ داهاتی نانەوتی.

رواندزی ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بڕە پارەی کە هەرێمی کوردستان لە فرۆشتنی نەوت دەستی دەکەوت ئێستا عێراق دەیبات، گوتیشی: من وانابینم حکومەتی عێراق جددی بێت لەگەڵ حکومەتی هەرێم لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، چونکە ئەوکات دەبێت بەغدا 400 هەزار بەرمیلی هەرێمی کوردستان هەناردە هەناردە بکات، 400 هەزار بەرمیل لە هی خۆی بێنێتە خوارەوە لە هەناردەکردنی رۆژانە، لەبەرئەوەی عێراق تەنها بۆی هەیە رۆژانە سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل هەناردە بکات.

رواندزی روونیشیکردەوە، حکومەتی عێراقی ئامادە نییە ئەو 400 هەزارەی لە هەناردەی خۆی کەم بکاتەوە هی هەرێمی کوردستان هەناردە بکات، لەبەرئەوەی ئەندامن لە ئۆپیک لەو بەشە زیاتر ناتوانن هەناردە بکەن.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەبیانووەکانی عێراق ئەوەیە ئایا گوژمەی دەرهێنانی یەک بەرمیلی نەوت چەندە، ئێمەش گەیشتینە ئەوەی کە ئەو 400 هەزار بەرمیل نەوتەی لە هەرێمی کوردستان لەلایەن کۆمپانیاکان دەردەهێنرێت 24 دۆلارە