پۆلیسی زیمبابۆی پیاوێكی ده‌ستگیر كرد بانگه‌شه‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تی ده‌كات

پۆلیسی زیمبابۆی
پۆلیسی زیمبابۆی

K24 - هەولێر:

ده‌سه‌ڵاتدارانی زیمبابۆی رایده‌گه‌یه‌نن توانیویانه‌ زیاتر له‌ 250 منداڵ رزگار بكه‌ن کە وەک هێزی کاری هەرزان لە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵیدا له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تی ده‌كات قۆسترابوونه‌وه‌.

ئه‌مڕۆ (پێنجشه‌ممه‌ 14ـی ئاداری 2024) ده‌سه‌ڵاتدارانی زیمبابۆی رایانگه‌یاند، توانیویانه‌ زیاتر له‌ 250 منداڵ رزگار بكه‌ن کە وەک هێزی کاری هەرزان لە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵیدا له‌لایه‌ن كه‌سێكه‌وه‌ كه‌ بانگه‌شه‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تی ده‌كات قۆسترابوونه‌وه‌.

ده‌سه‌ڵاتدارانی زیمبابۆی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئه‌و كه‌سه‌ی بانگه‌شه‌ی پێغه‌مبه‌رایه‌تی ده‌كات سه‌ر به‌ یه‌كێك له‌ مه‌زهه‌به‌كانی كه‌نیسه‌ی ره‌سووڵییه‌ و ناوی ئیسماعیل چکورو نگێروایه‌ و تەمەنی 56 ساڵه‌.

هەروەها رایگه‌یاندووه‌، 16 گۆڕی نەناسراوی لەو كامپه‌ دۆزیوه‌تەوە کە لەلایەن، ئیسماعیل چکورو نگێروا به‌ڕێوه‌ده‌برا.

پۆلیسی زیمبابۆی لە راگه‌یه‌ندراوێكدا روونی کردووه‌ته‌وه‌، چوکورۆ نگیروا سەرکردایەتی مەزهەبێک دەکات کە زیاتر لە هەزار ئەندامی هەیە و ناوچه‌ی هه‌ژموونیشی لە کۆمەڵگەیەکی کشتوکاڵیدایه‌ کە 34 کیلۆمەتر لە باکووری رۆژئاوای هەرارێی پایتەختەوە دووره‌.

پۆلیسی زیمبابۆی گوتوویه‌تی، منداڵە رزگارکراوەکان بۆ ئەنجامدانی چالاکیی جەستەیی جۆراوجۆر بەکارهێنراون بۆ بەرژەوەندی ئیسماعیل چکورو نگێروا. ئاماژەی بەوەش کردووە، کە لە کۆی 251 منداڵ، 246 منداڵیان بڕوانامەی لەدایکبوونیان نەبووە.

پۆلیس ئەوەشی خستەڕوو، تۆمەتبارەکە و 7 كه‌س لە یاریدەدەرەکانی دەستگیرکردووه‌ بەهۆی ئەنجامدانی چالاکیی تاوانکاری کە بریتین لە دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی.