ئاستی یەدەگی نەوت و بەنزین لە ئەمەریکا دابەزیوە

پاڵاوگەیەکی سووتەمەنی لە کالیفۆڕنیا - وێنە: AFP
پاڵاوگەیەکی سووتەمەنی لە کالیفۆڕنیا - وێنە: AFP

K24 – هەولێر:

بەگوێرەی ئامارەکان ئاستی یەدەگی نەوت و بەنزین لە ئەمەریکا دابەزیوە و بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمەریکا رایگەیاندووە: هاوردەکردنی نەوت بۆ ئەو وڵاتە بە 241 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە.

بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمەریکا رایدەگەیەنێت، ئاستی نەوتی یەدەگکراو لە ماوەی هەفتەی رابردوو بە 1.5 ملیۆن بەرمیل دابەزیووە و بۆ 447 ملیۆن بەرمیل پاشەکشەی کردووە.

ئەمەش بە پێچەوانەی پێشبینی دامەزراوەکانە لە کاتێکدا پێشبینی دەکرا ئاستی یەدەگی نەوتی ئەمەریکا بە 1.3 ملیۆن بەرمیل بەرزبێتەوە.

ئامارەکان ئەوەشیان دەرخستووە، یەدەگی بەنزینی کۆگاکراو لە هەمان ماوەی هەفتەی رابردوو بە 5.7 ملیۆن بەرمیل دابەزیووە، گەیشتووەتە 234.1 ملیۆن بەرمیل ئەمەش زیاتر بووە لە پێشبینییەکان بە کەمبوونەوەی 1.9 ملیۆن بەرمیل.

بەڕێوەبەرایەتی زانیاری وزەی ئەمەریکا ئاماژەی بەوەشکردووە، هەفتەی رابردوو هاوردەکردنی نەوت بۆ ئەمەریکا بە 241 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا دابەزیوە.