کورتهێنانی بودجەی ئەمەریکا لە ماوەی پێنج مانگدا گەیشتووەتە 828 ملیار دۆلار

بودجەی ئەمەریکا
بودجەی ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

دوای پێنج مانگ لە دەستپێکردنی ساڵی دارایی 2024ـی ئەمەریکا، کورتهێنانی بودجەی ئەو وڵاتە بەردەوامە لە بەرزبوونەوە، گوشاری تێچووی سوودی بانکی سەر قەرزەکانی ئەمەریکاش لەسەر خەرجییەکانی فیدراڵی تا دێت زیاتر دەبێت.

لەگەڵ زیادبوونی خەرجییەکانی بەرگری و ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بیمەی تەندروستی، گوشاری فراوانبوونی کورتهێنانی بودجەی فیدراڵی ئەمەریکا بەردەوامە و لە ماوەی پێنج مانگی یەکەمی ساڵی دارایی 2024 قەبارەی کورتهێنانی بودجەی ئەمەریکا بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی پار بە 18% زیادیکردووە ئەمە سەرباری بەرزبوونەوەی تێچووی سوودی بانکی سەر قەرزەکانی ئەو وڵاتە.

بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا، کۆی کورتهێنانی بودجەی فیدراڵی گەیشتووەتە 828 ملیار دۆلار، قەبارەی کورتهێنان بەراورد بە هەمان ماوی ساڵی دارایی رابردوو بە 18% زیادیکردووە، تەنیا لە مانگی شوبات قەبارەی کورتهێنان گەیشتووەتە 296 ملیار دۆلار.

تێچووی سوودی بانکی سەر قەرزەکانی ئەمەریکا بووەتە بارگرانییەکی دارایی بۆ سەر حکومەتی فیدراڵی، لە ساڵی ئێستای داراییدا، بووەتە 443 ملیار دۆلار، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو بە  رێژەی 41% بەرزبووەتەوە، بە جۆرێک کۆی تێچووەکە یەک لەسەر سێی خەرجییەکانی بودجەی حکومەتی ئەمەریکا پێکدەهێنێت.

ساڵی ئێستای دارایی حکومەتی ئەمەریکا کە لە ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو دەستیپێکردووە، خەرجییەکانی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بیمەی تەندروستی فیدراڵی بە رێژەی 9% زیادیکردووە، خەرجییەکانی بەرگریش بە رێژەی 12% بەرزبووەتەوە.

بەرزبوونەوەی گوشاری سوودی بانکی قەرزەکانی ئەمەریکا لە کاتێکدایە، دوو ساڵ لەمەوبەر دەستیکرد بە بەرزکردنەوەی رێژەی سوودی بانکی بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی بەرزی رێژەی هەڵاوسان، ئەمەش وای کرد تێکڕای رێژەی سوودی بانکی قەرزە نەدراوەکانی ئەمەریکا لە کۆتایی مانگی شوبات بگاتە 3.2%، لە کاتێکدا لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2022، 1.6% بوو.

هاوکات، لە بودجەی ساڵی دارایی 2025 کە کە لەلایەن سەرۆکی ئەمەریکا جۆ بایدن پێشنیازکراوە، کۆشکی سپی پێشبینی دەکات، کۆی گشتی پوختەی سوودی بانکی سەر قەرزەکان لە ساڵی 2024 نزیکەی 890 ملیار دۆلار بێت کە یەکسانە بە 3.1% کۆی بەرهەمی ناوخۆیی وڵات.