بەشێک لە تورکمانەکانی پەرلەمانی عێراق کوتلەیەك پێکدەهێنن

پەرلەمانی عێراق
پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

بەشێك لە پەرلەمانتارە تورکمانەکان لە وەڵامی داخوازییە جەماوەرییەکانیان لە نەینەوا، سەڵاحەددین، کەرکووك و دیالە، بڕیاریاندا کوتلەیەک لە پەرلەمانی عێراق لەژێر ناوی "کوتلەی چوارچێوەی تورکمانی" پێکبهێنن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (14ـی ئاداری 2024) بەشێک لە پەرلەمانتارە تورکمانەکان لە میانەی راگەیەندراوێکدا ئاماژەیان بەوەدا، لەسەر بنەمای پرەنسیپی هەڵسەنگاندنی ئەدای سیاسی تورکمان، بۆ بەرژەوەندی نەتەوەیی تورکمان و لە وەڵامی داخوازییەکانی گەل و جەماوەر لە سەرتاسەری ناوچەکانان لە نەینەوا، سەڵاحەدین، کەرکووک و دیالە، بڕیاردا بە راگەیاندنی کوتەلەیەک لە پەرلەمانی عێراق لەژێر ناوی "کوتلەی چوارچێوەی تورکمانی".

لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە، مەبەست لە پێکهێنانی ئەم کوتلەیە داکۆکیکردنە لە مافە دەستووریی و رەوایەکانی گەلەکەیان، هاوکات ئاماژە بەوە دەکەن، لەگەڵ راگەیاندنی ئەم کوتلەیە بەڵێن بە جەماوەر دەدەن کە بەردەوام دەبن لە خزمەتکردن و بەدیهێنانی مافە رەواکانی تورکمانەکان.

کوتلەی چوارچێوەی تورکمانی، جەخت لەوەش دەکەنەوە، لەپێناو بەرەوپێشبردنی ئاستی سیاسی تورکمان، رۆڵ و کاریگەری لە هاوکێشە سیاسییەکانی عێراقدا لەژێر ئەو ناوە نوێیە بەردەوام دەبن لە خزمەتکردن.

ئەمەش لەکاتێکدایە رۆژی چوارشەممە (13ـی ئاداری 2024) هەریەکە لە پەرلەمانتاران مەحموود مەشهەدانی، خالید عوبەیدی، تەڵاڵ زەوبەعی و محەممەد نوری عەبدرەبە و کەسایەتی سیاسیی شێخ فارس ئەلفارس پێکهێنانی کوتلەی "سەدارە"یان لە پەرلەمانی عێراق راگەیاند و پێکهێنانی کوتلەکەشیان بە پێویستی نیشتمانی قۆناغەکە وەسفکردووە.

کوتلەی سەدارە لە بەیاننامەی راگەیاندنی پێکهێنانی کوتلەکەیان ئاماژەیان بەوەکردووە، دەبنە دەنگی هەموو عێراقییەکان بە هەموو پێکهاتەکانییەوە، بەتایبەتی چینی هەژاران و پابەندبوونی خۆشیان بە دەستوور و یاسا و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و بەدیهێنانی خۆشگوزارەنی بۆ هاووڵاتییان دووپاتکردووەتەوە.