شێوەکاری کورد حەمە هاشم لە پۆڵەندا پێشانگایەکی شێوەکاری دەکاتەوە

K24 – هەولێر:

پێشانگای رێگا دوایین چالاکیی هونەرمەندی شێوەکار  "حەمە هاشم"ـە لە وڵاتی پۆڵەندا نمایش دەکرێت.

گەلەری بوا کرۆسنۆ گالێری شتوکی لە شاری کرۆسنۆ، میوانداری بەرهەمە شێوەکارییەکانی ئەم هونەرمەندە دەکات، کە بریتیە لە پێشانگایەکی شێوەکاری و بەرهەمێکی ئەنیستەلەیشن، کە هەریەکە لە هونەرمەندان یوهانا سێرنیچکای پێرفۆڕمەر و چریکە هەورامی بە دەنگ لە پێرفۆڕمانسێکی هونەرییدا یەک دەگرنەوە.

شێوەکار حەمە هاشم دەربارەی کردنەوەی ئەو پێشانگایە لە وڵاتی پۆڵەندا، بە کوردستان24ـی راگەیاند، بە شێوەیەکی گشتی کارە هونەرییەکان گوزارشت لە راستیە تاڵەکانی ژیانی مرۆڤی سەر لێ شێواو، یاخوود پەنابەر و برسی و راکردوو لە دەست شەڕ و ماڵوێرانی، باسکردنە لە کارەساتەکانی شەڕی داسەپاو لەسەر مرۆڤی سڤیل و دەربەدەر کردن و هەڵاتن لە نیشتمانی خۆی.

دەشڵێت: تابلۆکان بە ماتریاڵی ئەکریلیک لەسەر کانڤاس کێشراون و ئەنیستلەیشنەکەش کەرەستەی جیاوازی تێدا بەکارهاتووە، پە کەشێکی پێرفۆڕمانسیدا کە هونەرمەند (چریکە هەورامی) گۆرانی سەرمەدی تێدا دەچڕێت و (یۆهانا سێرنیچکا) پێرفۆڕمەری پۆلەندی بە (سەما) دەبنە ئاوێتەی کارە.