بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی هەڵەبجە دەست بە دابەشکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل دەکات

سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی یەکەم تابلۆی ژمارەی هەڵەبجەی بە هاووڵاتییەکی خاوەن شەهید بەخشی
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی یەکەم تابلۆی ژمارەی هەڵەبجەی بە هاووڵاتییەکی خاوەن شەهید بەخشی

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە ئاگاداری شۆفێرانی شاری هەڵەبجە و دەوروبەری دەکاتەوە لە رۆژی یەکشەممە (17ـی ئاداری 2024)ـەوە بە کۆدی ژمارە (23) دەست بە دابەشکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل دەکات. 

لە درێژەی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی بە پارێزگابوونی هەڵەبجە و دوای سەردانەکەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بۆ پارێزگای هەڵەبجە لە (22ـی شوباتی 2024) یەکەم تابلۆی ئۆتۆمبێلی ژمارە هەڵەبجەی بەخشی بە هاووڵاتییەک کە زۆربەی خانەوادەکەی شەهیدن، بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە بە فەرمی دەست بە دابەشکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە کۆدی تایبەت بە پارێزگاکە دەکات.

بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە ئاگاداری ئەو هاووڵاتییانەیشی کردووەتەوە کە ئۆتۆمبێلەکانیان هەڵگری تابلۆی ژمارەی پارێزگاکانی (هەولێر، سلێمانی و دهۆک)ـن، دەتوانن لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگاکانی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانی خۆیانەوە، داواکاری پێشکەش بکەن بۆ تۆمارکردنی ئۆتۆمبێلەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی پارێزگای هەڵەبجە.

هەروەها هاتووچۆی هەڵەبجە لە ئاگادارییەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە: هەر هاووڵاتییەک خواستی کڕینی ژمارەی دڵخوازی خۆی هەیە، دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات کە لە ژمارە (1000 23) دەستپێدەکات کە نرخیان هاوشێوەی تابلـــۆی بەڕێوەبەرایەتییەکانی سەرەوەیە کە دوو ملیۆن دینـارە.

هەروەها باسی لەوەشکردووە: ژمارە (2323) بە سەرجەم پیتەکانییەوە، هەروەها و ژمارە (1988 23) بە سەرجەم پیتەکانییەوە لە ئێستادا نافرۆشرێن.

رۆژی (22ـی شوباتی 2024) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەشی تۆماری تابلۆی ئۆتۆمبێل بە کۆدی ژمارە (23)ـی پارێزگای هەڵەبجە کرایەوە و یەکەم تابلۆی ژمارە هەڵەبجە بە ژمارە (10000 A23) وەك دیاری پێشکەش بە هاووڵاتی (ئومێد محەممەد عەلی) نوێنەری بنەماڵەی شەهیدانی هەڵەبجە کرا.