زیرەک کەمال: کورد لە خەبات لەدژی دیکتاتۆریەتیشدا پەنای بۆ تیرۆر نەبردووە

زیرەک کەمال
زیرەک کەمال

K24 – هەولێر:

تۆڕی KONCICC بە هەماهەنگی لەگەڵ رێکخراوە هاوبەشەکانی لە بواری جینۆساید، لە شاری هەولێر کۆنفرانسێکیان لەژێر ناونیشانی لە "جینۆسایدەوە بۆ ژیان" لە یادی 36 ساڵەی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ئەنجامدا.

لە کۆنفرانسەکەدا، وێڕای پێشکەشکردنی چەند وتارێک، دوو پانێل سەبارەت بە "چۆنیەتی رێگریکردن لە تاوانی جینۆساید و چەسپاندنی دادوەریی راگوزەر و تاوانباران" و "دادگا و لێپرسینەوە لە تاوان" بەڕێوەچوو.

لە کۆنفرانسەکەدا، زیرەک کەمال بە نوێنەرایەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە تاوانەکانی کیمیاباران و ئەنفال و جینۆسایدی گەلی کوردستان کرد و سەرەڕای ئەو تاوانانەش کورد لە خەبات و تێکۆشانی خۆی و ژیان لەسەر خاکەکەی بەردەوام بووە.

هەروەها نوێنەری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، رژێمی بەعس هەوڵیدا لە رێگەی پیادەکردنی سیاسەتی پاکتاوکردنی رەگەزی گەلی کوردستان لەناوببات، بەڵام گەلی کوردستان بە رێبەرایەتی شۆڕشە ئازادیخوازەکەی لە ئاداری 1991 توانی رژێمی بەعس لە رووبەڕێکی فراوانی خاکی کوردستان دەربکات.

هاوکات زیرەک کەمال لە کۆنفڕانسی لە جینۆسایدەوە بۆ ژیان رایگەیاند، شۆڕشی رزگاریخوازی گەلی کوردستان لە کاتی خەبات و تێکۆشانیدا لەدژی فاشیەت و دیکتاتۆریەت پەنای بۆ تیرۆر نەبردووە و بەگوێرەی یاساکانی جەنگ لە دژی رژێمی بەعس جەنگاوە.

(16ـی ئاداری 1988) رژێمی بەعس کیمیابارانی هەڵەبجەی کرد و لە ئەنجامدا پێنج هەزار هاووڵاتی کوردی نیشتەجێی شارەکەی شەهید کرد و سەدان کەسی دیکەش بەهۆی کاریگەری چەکی کیمیاوییەوە تاوەکو ئێستا بەهۆی کێشەی تەندروستی و ئازاری جەستەییەوە دەناڵێنن.