سەرەڕای ئەو دەسەڵاتانەی پێیدراون؛ سه‌رۆکكۆمار به‌رانبه‌ر بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی بێده‌نگە

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق
لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق

K24 - هەولێر

لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق بەگوێرەی دەستوور چەندین دەسەڵاتی وەک زامنکردنی پابەندبوون بە دەستوور هەیە، بەڵام وێڕای ئەو دەسەڵاتانەی پێیدراوە، هیچ ناڕەزایەتییەکی بەرانبەر بە بڕیارەکانی دادگەی فیدڕاڵی دەرنەبڕیوە.

سەرۆککۆماری عێراق، باڵاترین پۆستی ئیدارییە لە پەیکەربەندی حکومی ئەو وڵاتە، کە لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە هەڵدەبژێردرێت و ماوەی هەر خولێک چوار ساڵە و هەر کەسێک دەتوانێت بۆ دوو خول خۆی هەڵبژێرێت.

لە ماددەی 67 دەستووری عێراقدا هاتووە، "سەرۆکی دەوڵەت و هێمای یەکگرتوویی نیشتمان نوێنەرایەتیی سەروەری وڵات دەکات. پابەندبوون بە دەستوور، پاراستنی سەربەخۆیی، سەروەری، یەکگرتوویی و سەلامەتی یەکپارچەیی خاکی عێراق بەگوێرەی حوکمەکانی دەستوور زامن دەکات."

بە گوێرەی ماددەی 73 دەستووری عێراق، دەسەڵاتەکانی سەرۆککۆماری عێراق بریتیین لە:

یەکەم: دەرکردنی لێخۆشبوونی تایبەت بە پێشنیازی سەرۆکوەزیرانی عێراق، جگە لەوانەی بە ئەنجامدانی تاوانەکانی وەک تیرۆر و گەندەڵی دارایی حوکمدراون.

دووەم: پەسندکردنی پەیماننامە و رێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان، دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەران.

سێیەم: پەسندکردن و دەرکردنی ئەو یاسایانەی لە ئەنجوومەنی نوێنەران تێپەڕێندراون.

چوارەم: داواکردنی بەڕێوەچوونی دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هەڵبژێردراو لە ماوەیەکدا کە 15 رۆژ بەسەر پەسندکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان تێنەپەڕێت.

پێنجەم: پێدانی مەدالیا لەسەر پێشنیازی سەرۆکوەزیران بەگوێرەی یاسا.

شەشەم: قبووڵکردنی باڵیۆزان.

حەوتەم: دەرکردنی مەرسوومە کۆمارییەکان.

هەشتەم: پەسندکردنی حوکمی لە سێدارەدان کە دادگە تایبەتەکان دەریدەکەن.

نۆیەم: جێبەجێکردنی ئەرکی فەرماندەیی باڵای هێزە چەکدارەکان بۆ تەشریفی و ئاهەنگگێڕان.

دەیەم: جێبەجێکردنی هەر دەسەڵاتێکی سەرۆکایەتی کە لە دەستووردا هاتووە.

له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی سه‌رۆككۆماری عێراق هه‌یه‌تی، به‌ڵام له‌ ماوه‌ی رابردوو، سه‌رۆككۆمار هیچ نیگه‌رانی و ناڕه‌زایه‌تییه‌كی به‌رامبه‌ر به‌ بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی نه‌بووه‌.