بەرکەوتەیەکی کیمیاباران چیرۆکی ساتی هێرشە کیمیاییەکە بۆ کوردستان24 دەگێڕێتەوە

K24 - هەولێر

وێنەكان گوزارشتن لەو تاوانەی رژێمی بەعس كە 36 ساڵ  لەمەوبەر بە چەکی کیمیایی هەڵەبجە و دەورووبەری بۆمباران کرد، لە وێنەکاندا دیارە گازە کیمیاییەکان وەك هەورێكی رەش لە ئاسمانەوە دەنیشنەوە و خاكی هەڵەبجەی داپۆدەشن. بەختیار خۆیی و ئەندامانی خێزانەکەی لە بەشێك لە وێنەكانی نێو مۆنۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەدا هەن، ئەو وێنانە دیمەنی ساتی شەهیدبوونی بەشێك ئەندامانی خێزانەکەی بەختیارن.

 بەختیار عومەر، بەركەوتەی چەكی كیمیایی بۆ کوردستان24 دەڵێ: هەستێکی زۆر ناخۆش بوو، ئێمە مناڵبووین نەماندەزانی چی روودەدات، لە حاڵەتێکدا بووین وەک ئەوەی هۆشمان لە خۆمان نەبێت، خاڵۆژنم وتی بڕۆ لەو ماڵە ئاو بێنە. وتم هەموویان خەوتوون، نەمزانی هەموویان مردوون. دواتر خاڵۆزنم وتی، نەخێر هەموویان مردوون. ئەوسا زانیم کەسوکارمان شەهیدبوون، لە نێو ئۆتۆمبێلەکەماندا دایکم و باوکم لەگەڵ خوشک و برایەکم شەهید بوون، بە گشتی 45 کەس لە ئەندامانی بنەماڵەکەمان شەهید بوون.

هەڵەبجەییەکان خاوەنی چەندین كەیسی پڕ مەینەت و نەهامەتین لە شەهیدانی چەكی كیمیایی، تاقانە و منداڵانی ونبووی دوای کیمیاباران، لەگەڵ چەندین هەزار بریندار و بەرکەوتەی چەکی  كیمیایی، ئێستاش دڵگرانیی و نیگەرانیی هەڵەبجەییەكان ئەوەیە لە دوای 36 ساڵ، حکوومەتە یەک لە دوای یەکەکانی پاش رژێمی بەعس لە عێراق، وەك میراتگرێکی رژێمی پێشوو نەک پابەند نەبوون بە قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجەییەکان، بەڵکو بەگوێرەی پێویست ئاوڕێکیان لە ئاوەدانکردنەوەی هەڵەبجە نەداوەتەوە.

کامەران مستەفا، بەڕێوەبەری گشتیی شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەڵەبجە بۆ کوردستان 24 دەڵێت: دەبوایە حکوومەتی عێراق ئەوەی لەبەرچاو بگرتایە، ئەنفال و کیمیارانی هەڵەبجە و هەموو قۆناغەکانی ئەنفال لە ململانێی و ناکۆکییە سیاسییەکان بەدەربوونایە، چونکە حکوومەتی ئێستای عێراق میراتگری رژێمی پێشووە و هەر دەبێت قەرەبووی کەسوکاری قوربانیانی کیمیاباران و ئەنفال بکاتەوە".

رۆژی (16ی ئاداری 1988) فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ناوەندی شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری شارەکەیان بە گازی کیمیایی بۆمباران کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و زیاتر لە دە هەزار ھاووڵاتی دیکەیش برینداربوون، کە تا وەکوو ئێستاش تووشی چەندان نەخۆشیی درێژخایەن بوون و بەدەست ئازاری کاریگەرییەکان گازە کوشندەکانی ئەو کاتەوە گرفتارن. بە گوێرەی ئامارەکان، زیاتر لە 300 کەس لە بریندارانی هەڵەبجە بەدەست لێکەوتەکانی چەکی کیمیایی پێویستیان بە چارەی بەردەوامیی تەندروستییە و زیاتر لە 2500 هاووڵاتیی دیکەش، کە بەركەوتەی چەكی كیمیایین کاریگەرییەکانی ئەو چەکەیان هەر لە سەر ماوە، جیا لەوەی بەشێکی زۆر لە منداڵانی ون بووی هەڵەبجە هێشتا نەدۆزراوەتەوە و چارنووسیان نادیارە.