شێوەکارێکی کورد بەشداری لە پێشانگایەکی نێودەوڵەتی لە شاری ڤێنیس لە وڵاتی ئیتاڵیا کرد

ئاریان لەتیف، شێوەکاری کورد
ئاریان لەتیف، شێوەکاری کورد

K24 – هەولێر

شێوەکارێکی کورد رایگەیاند، بە بەشداری 80 هونەرمەندی شێوەکار، تاکە کورد بووە لە پێشانگایەکی نێودەوڵەتی لە شاری ڤێنیس لە وڵاتی ئیتاڵیا کردووە.

ئەمڕۆ شەممە، 16ـی ئاداری 2024، ئاریان لەتیف، شێوەکاری کورد بە کوردستان24ـی راگەیاند، بەشداری لە پێشانگایەکی نێودەوڵەتی شێوەکاری لە شاری ڤێنیس لە وڵاتی ئیتاڵیا کرد،  کە 80 هونەرمەندی شێوەکار لە 40 وڵاتی جیاواز تێیدا بەشداربوون و تاکە کورد بووە لەو پێشانگایە بەشداری کردووە.

بەگوتەی ئەو شێوەکارە: "پێشانگاکە لەلایەن رێکخراوێکی ئیتاڵیەوە سەرپەرشتی دەکرێت، کە ئەزموونی 10 ساڵ کارکردنی هەیە لە بواری هونەریدا و ساڵانە کۆمەڵێک چالاکی هونەری ئەنجام دەدەن".

ئاریان دەشڵێت: "من تاکە کوردم کە بە بانگهێشتنامەیەکی فەرمی وەک هونەرمەندێکی کورد بەشداربووم لەو پێشانگایە و ئەمە تاکە پێشانگای نێودەوڵەتی نییە کە من تێیدا بەشدار دەبم، پێشتریش لە 20 پێشانگای هاوبەش و حەوت پێشانگای نێودەوڵەتی لە وڵاتانی تورکیا و یۆنان و کۆریای باشوور و لوبنان و ئیتاڵیا بەشداریم تێدا کردووە."

شێوەکار ئاریان لەتیف، لە ساڵی 1994 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە و دەرچووی بەشی تیشکە لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، سەرەتای کاری هونەری دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2014.