بەرپرسێکی ئەمەریکا: سزا نوێیەکان قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئێران بۆ ئەوروپا لە خۆ دەگرن

K24 - هەولێر

بەرپرسێکی باڵای ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتانی گرووپی حەوت ئامادەن بە سزا نوێیەکان وەڵامی ئێران بدەنەوە، کە لەوانەیە قەدەغەکردنی گەشتە ئاسمانییەکانی هێڵی ئاسمانی ئێران بۆ ئەوروپا لەخۆ بگرێت، ئەمەش ئەگەر بێت و ئێران بەردەوام بێت لە رەوانەکردنی مووشەکی بالیستیکی دوور مەودا بۆ رووسیا.

ماڵپەڕی 'ئای 24' بڵاوی کردووەتەوە، ئەو بەرپرسەی ئەمەریکا کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، پەیامی ئەمڕۆمان ئەوەیە کە ئەگەر ئێران بەردەوام بێت لە دابینکردنی مووشەکی بالیستیکی بۆ رووسیا، وەڵامی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی خێرا و توند دەبێت.

ئەمەریکا لەگەڵ هاوپەیمانەکانی گرووپی حەوت هۆشداریان داوەتە ئێران لە رەوانەکردنی مووشەکەکان، ئەمەش دوای ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز هات کە باس لەوە دەکات تاران ژمارەیەکی زۆر مووشەکی بالیستیکی بەهێزی بۆ رووسیا دابین کردووە بۆ شەڕی ئۆکرانیا.

ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێک لەو بژاردانەی کە لەبەرچاو دەگیرێت "ڕاگرتنی  گەشتەکانی هێڵی ئاسمانی ئێران ئەیر کە هێڵی ئاسمانی سەرەکی سەر بە دەوڵەتە، بۆ ئەوروپا دەبێت".

ئەو بەرپرسە دەشڵێت: ئەمەریکا نەیتوانیوە ئەوە پشتڕاست بکاتەوە کە تاران مووشەکی بۆ رووسیا ناردووە، بەڵام ڕوونە کە هەوڵێک لەلایەن تارانەوە هەیە بۆ پێشخستنی دانوستانەکان لەگەڵ مۆسکۆ.

ئەو سنووردارکردنانەی کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەناردەکردنی بەشێک لە مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تەکنەلۆژیای دیکە لەلایەن ئێرانەوە سەپێنرابوو، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا کۆتایی هات.

ئەمەریکا پێشتر رایگەیاندبوو، ئێران پێشتر فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بۆمبی ئاسمانی ڕێنماییکراو و تەقەمەنی بۆ رووسیا دابینکردووە، کە مۆسکۆ بۆ هێرشکردنە سەر ئامانجەکان لە ئۆکرانیا بەکاری دەهێنێت.