ئیقبال غەفار: دەبوایە سەرۆکوەزیرانی عێراق بێ بانگهێشت سەردانی هەڵەبجەی بکردایە

دیبەیتی تایبەتی کوردستان24 لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە
دیبەیتی تایبەتی کوردستان24 لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە

K24 - هەولێر

سەرۆکی رێکخراوی سەروەریی هەڵەبجە لە دیبەیتی تایبەتی کوردستان24 لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی هەڵەبجە رایگەیاند، بێ ویژدانییە ئەگەر بڵێین لە هەڵەبجە هیچ پرۆژەیەکی خزمەتگوزاری نەکراوە، بەڵام دەکرێت بڵێین ئەوانەی کراون لە ئاستی قوربانیی و ئەو کاولکارییە نییە کە لە هەڵەبجە هەن.

ئیقبال غەفار سەرۆکی رێکخراوی سەروەریی هەڵەبجە گوتیشی: دەبوایە لە رووی ئەخلاقییەوە سەرۆکوەزیرانی عێراق بێ ئەوەی داوای لێ بکرێت سەردانی هەڵەبجەی بکردایە، بەڵام بە شەرمەوە دەیڵێم ناچار بووین داوای لێ بکەین بۆ ئەوەی سەردانی هەڵەبجە بکات.

هەروەها رەخنەی لە هەندێک لایەنگرت بەوەی رێکخراوەکانی هەڵەبجەیان لە هەندێک پرسی چارەنووسساز پەراوێز خستووە، لە نێویاندا پەراوێزخستنی کۆمەڵەی قوربانیان کیمیابارانی هەڵەبجە لە دۆسیەی گەڕان و دۆزینەوەی منداڵە ونبووەکان.

بە بوونی فەرمانگەی رێکخراوی نا حکوومییەکان و پشتیوانییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چالاکییەکانیان فراوانتر بووە و کاریگەریی هەبووە لەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری روو لە هەڵەبجە بکەن.

هەروەها ئاماژەیدا، ستافی ئێستای فەرمانگەکە لەم چەند ساڵەی دواییدا رۆڵێکی کارایان هەیە لە هێنانی رێکخراوە نێودەوڵەتیی و ناوخۆییەکان بۆ حزمەتکردنی پارێزگای هەڵەبجە و توانیویانە چەند پرۆژەیەک جێبەجێ بکەن.

ئیقبال غەفار دەڵێ: رێکخراوەکان رۆڵێکی گرنگیان گێڕاوە لە گەیاندنی هاوکارییەکان لە هەموو روویەکەوە بۆ هەڵەبجە، لە بوارەکانی ژینگەیی، تەندروستی، پەروەردەیی و گەشەپێدانی مرۆیی، رێکخراوەکان توانیویانە دەستبارێک بن بۆ حکوومەت لە خزمەتکردنی ئەم شارە.