لوقمان عەبدولقادر: حکوومەتی عێراق خۆی بە خاوەنی دۆسیەی کیمیابارانی هەڵەبجە نازانێت

لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە
لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە

K24 - هەولێر

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە رایدەگەیەنێت، حکوومەتی عێراق خۆی بە خاوەنی دۆسیەی کیمیابارانی هەڵەبجە نازانێت. دەشڵێت،  "حکوومەتی عێراق خەڵکی هەڵەبجە بە هاووڵاتیی پلە دوو هەژمار دەکات".

ئەمڕۆ شەممە، 16-03-2024، لوقمان عەبدولقادر، سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانی شارەکە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەداخەوە تاوەکو ئەمڕۆ حکوومەتی عێراقی خۆی بە خاوەنی دۆسیەی کیمیابارانی هەڵەبجە بە گشتی و قوربانیان بە تایبەتی نەزانیوە".

لوقمان عەبدولقادر گوتیشی، "ئێمە وەکو کۆمەڵەی قوربانییان لە سەردەمی هەموو سەرۆکوەزیرەکانی عێراق، سەردانی بەغدامان کردووە و چەند تیمێکیش هاتوونەتە هەڵەبجە بۆ بینینی بەرکەوتووانی کیمیاباران، بەڵام هیچ دەرئەنجامێکیان نەبووە".

وەکو ئەوەی سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ئاماژەی پێ دا، "حکوومەتی عێراق خەڵکی هەڵەبجە بە هاووڵاتیی پلە دوو هەژمار دەکات و جیاوازی لەنێوان هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق دەکات و رەنگدانەوەشی هەیە. بۆیە رووی دەممان دەکەینە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و داوای لێ دەکەین بارودۆخی بەرکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە باشتر بکات و ئەو نەشتەرگەرییانەی پێویستن بۆیان بکات".

لوقمان عەبدولقادر گوتیشی، "ئەوەی ئێستا حکوومەتی عێراق بەرامبەر بە خەڵکی هەرێمی کوردستان دەیکات، هیچی کەمتر نییە لە کیمیابارانی هەڵەبجە. پێشتر هەڵەبجە و بالیسانیان کیمیاباران کرد، بەڵام ئێستا دژایەتی هەموو قەوارەی هەرێمی کوردستان دەکرێت. ئەو عەقڵییەتەی ئێستا حوکمی عێراق دەکات، خۆپەرستییە و هیچ گۆڕانکارییەکی تێدا نەکراوە. کەسەکان گۆڕاون، بەڵام عەقڵییەتەکە هەر وەکو خۆیتی".  

لوقمان عەبدولقادر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "هەموو ئەو بەرکەوتووانەی کیمیابارانی هەڵەبجە کە لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون، ژمارەیان 808 کەسە. لە هەڵەبجە تا شەقڵاوە، بالیسان و دووکان".

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە ئەوەشی خستەڕوو "کەسانێک هەن بە بەرکەوتەی کیمیابارانی هەڵەبجە تۆمارکراون، لە کاتێکدا هەر لە هەڵەبجە نەبوونە. حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت بە تیمێکی پسپۆڕ پێداچوونەوە بە لیستی بەرکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجەدا بکات. ئەو تیمەی پێشووتر پێک هێنرابوو، پسپۆڕییان لە کیمیاباراندا نەبوو".

سەرۆکی کۆمەڵەی قوربانیانی کیمیابارانی هەڵەبجە روونیشی کردەوە، "هیچ ئومێدێکمان بە حکومەتی عێراقی نییە کێشەی بەرکەوتووانی کیمیابارانی هەڵەبجە چارە بکات. هیوادارین لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی فشار لە عێراق بکرێت بۆ ئەوەی قەرەبووی بەرکەوتووان بکاتەوە".

36 ساڵ بە سەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجە تێدەپەڕێت

ئەمڕۆ شەممە (16ی ئاداری 2024)، 36 ساڵ بە سەر کیمیابارانی شاری هەڵەبجە تێدەپەڕێت، کەچی دوای 13 ساڵ لە بە جینۆسایدناساندنی تاوانی کیمیابارانەکە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق وەک میراتگری رژێمی پێشوو ئامادە نەبووە قەرەبووی قوربانیان بکاتەوە.

رۆژی 16ی ئاداری 1988، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ناوەندی شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری شارەکەیان بە گازی کیمیایی بۆمباران کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و زیاتر لە دە هەزار ھاووڵاتیی دیکەیش برینداربوون، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکیان بەدەست ئازارەکانییانەوە گرفتارن.

 بەگوێرەی ئامارەکان %68ی قوربانییەکان تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵەوە بوونە، لە دوای کیمیابارانەکە لە کۆی 216 گوند 198 گوندیان بە تەواوی وێرانکران، سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشتی ناوچەکە بە رێژەی %100 زیانی پێگەیشت.

هەروەها بەهۆی کۆڕەوی هاووڵاتییان بۆ رزگاربوون لەو گازە کوشندەیە و پەنابردنە خۆرهەڵاتی کوردستان و ئێران 211 منداڵی 74 خێزان ونبوون، کە ژمارەیەکی کەمیان بە خێزانەکانیان شادبوونەتەوە.

دوای زیاتر لە سێ دەیە 900 لە بریندارەکان هێشتا کاریگەری گازە کیمیاییەکانیان لەسەر ماوەو رێژەی لە بارچوونی کۆرپەلە 14 هێندەی حاڵەتی ئاسایی زیادی کردووە بەهۆی کاریگەرییەکانی کیمیابارانەکەوە، هاوکات نەخۆشییەکانی شێرپەنجەی قۆڵۆن 10 هێندە و نەخۆشییەکانی دڵ 4 هێندە لە نێو دانیشتووانی هەڵەبجە زیاتربوونە، ئەمە جیا لەوەی کاریگەری لە کیمیابارانەکەدا بەکارهێنران راستەوخۆ کاریگەریان لە سەر کۆئەندامی هەناسەدان و نەخۆشییەکان پێست و چاو هەبوو، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکی زۆری بریندارەکان چاری بەردەوام وەردەگرن.

رۆژنامەى "دی تاگستایتونگ"ـی ئەڵمانی، لە (17ی کانوونی یەکەمی 2002)دا لە بەگوێرەی راپۆرتێکیدا ئاشکرای کردووە، زیاتر لە 158 کۆمپانیای جیھانی بەڕێگەی نایاسایی هاوکاری رژێمی بەعسیان داوە، بۆ بەدەستھێنانی کەرەستەی جەنگی جۆراوجۆر بە چەکی  کیمیایی و بایلۆژییەوە.