هیمداد فەیسەڵ: ئەو پرۆژەیاسایەی بۆ نەوت و گازی عێراق ئامادەکراوە، پەسەند نەکرێت باشترە

هیمداد فەیسەڵ، پسپۆڕی نەوت و گاز
هیمداد فەیسەڵ، پسپۆڕی نەوت و گاز

K24 - هەولێر

پسپۆڕێکی نەوت و گاز رایدەگەیەنێت، ئەو پرۆژەیاسایەی لەلایەن کابینەی سوودانییەوە بۆ دۆسیەی نەوت و گاز ئامادەکراوە، لە پەرلەمانی عێراق پەسەند نەکرێت باشترە، "چونکە هەموو مافە دەستوورییەکانی کوردستانی تێدا پێشێل کراوە".

ئەمڕۆ شەممە، 16-03-2024، هیمداد فەیسەڵ، پسپۆڕی نەوت و گاز بە کوردستان24ـی رایگەیاند، "بە دووری دەزانم لە کاتی ئێستادا یاسایەکی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق دەربچێت کە تاکە چارەیە بۆ تەواوی کێشەکانی تایبەت بە نەوت لەنێوان هەردوو حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان".

وەکو ئەوەی هیمداد فەیسەڵ باسی کرد، ئەو پرۆژەیاسایەی ئێستا لەلایەن کابینەی سوودانییەوە بۆ نەوت و گاز ئامادەکراوە "لە پەرلەمانی عێراق پەسەند نەکرێت باشترە، چونکە لەو پڕۆژەیاسایەدا تەواوی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەبارەی دۆسیەی نەوت و گاز پێشێل کراون".

هیمداد فەیسەڵ گوتیشی، "گرنگە پێش ئەوەی خوێندنەوە بۆ ئەو پرۆژەیاسایە بکرێت لە پەرلەمانی عێراق، هەرێمی کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆببێتەوە و بڕوایان پێ بهێنێت، پرۆژەیاسایەک ئامادەبکرێت، مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان تێیدا پارێزراوبێت، بە پێچەوانەوە کاریگەریی نابێت و کێشەکان چارە ناکات".

لەو پڕۆژەیاسایەی لەلایەن کابینەی سوودانییەوە ئامادەکراوە، وەکو ئەوەی ئەو پسپۆڕە باسی کرد "هەرێمی کوردستان وەکو لایەنێکی ناکاریگەر جێگەی کراوەتەوە. بەو شێوەیە پەسەند نەکرێت باشترە و سوود بە کورد ناگەیەنێت".

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی سێشه‌ممه‌ 5ـی ئاداری 2024، حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق له‌میانی پانێڵێكی پێنجەمین دیداری رافیدەین به‌ سپۆنسه‌ری كوردستان24 رایگه‌یاند "سەبارەت بە پرۆژەیاسای نەوت و گاز گفتوگۆمان لەگەڵ برایانمان لە هەرێمی کوردستان کردووە، زیاتر لە دانیشتنێکمان بۆ تاوتوێکردنی ئەم بابەتە لە هەولێر و بەغدا هەبووە بۆ ئەوەی بە گوێرەی کارنامەی حکوومەتی رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز ئامادە بکەین".

حەییان عەبدولغەنی ئاماژەی بەوەش کرد: "رەشنووسەکه‌مان پێشتر ئامادەکردبوو، برایان لە هەرێم داوایان کرد، بڕگە بە بڕگە تاوتوێ بکرێت، زۆرێک لە بڕگە سەرەکییەکان تەواوکراون، بەڵام بەهۆی هاتنە پێشەوەی چەند رووداوێک گفتوگۆکان وەستان".