حەلبووسی: داواکارین هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ مامه‌ڵه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌ و دانیشتووانه‌کەی

محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم
محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم

K24 – هەولێر:

سەرۆکی حزبی تەقەدووم رایدەگەیەنێت، لە ساڵیادی کیمابارانی هەڵەبجەدا داواکارین هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ مامەڵەیەکی دادپەروەرانە لەگەڵ هەڵەبجە و دانیشتووانە پرسەبارەکەی.

رۆژی شەممە (16ـی ئاداری 2024) محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی حزبی تەقەدووم لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ئەمڕۆ یادی 36 ساڵەی کیمیابارنی هەڵەبجە دەکەینەوە، سەری رێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەو شارە دادەنوێنین.

سەرۆکی حزبی تەقەدووم، دەڵێت: داواکارین هەوڵی زیاتر بدرێت بۆ مامه‌ڵه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڵه‌بجه‌ و دانیشتووانه‌ پرسەبارەکەی، هەروەها شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم شەهیدانی عێراق بەر رەحمەتی خودای گەورە بکەون.

ئەمڕۆ شەممە (16ی ئاداری 2024)، 36 ساڵ بە سەر کیمیابارانی شاری هەڵەبجە تێدەپەڕێت، کەچی دوای 13 ساڵ لە بە جینۆسایدناساندنی تاوانی کیمیابارانەکە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق وەک میراتگری رژێمی پێشوو ئامادە نەبووە قەرەبووی قوربانیان بکاتەوە.

رۆژی 16ی ئاداری 1988، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ناوەندی شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری شارەکەیان بە گازی کیمیایی بۆمباران کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و زیاتر لە دە هەزار ھاووڵاتیی دیکەیش برینداربوون، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکیان بەدەست ئازارەکانییانەوە گرفتارن.