پێشەوا هەورامانی: پەیامی سەرۆکی حکومەت روونە کە عەقڵییەتی لەناوبردنی کورد لە عێراقدا ماوە

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان
پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان

K24 – هەولێر:

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، هێشتا عەقڵییەتی لەناوبردنی کورد لە عێراقدا ماوە و هاوشێوەی رژێمی پێشوو بیر دەکەنەوە. ناوبراو لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم گوتی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەر رێگەیەک بێت هەوڵدەدات بەو نزیکانە مووچەی مووچەخۆران دابەش بکات.

پێشەوا هەورامانی، گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، پەیامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی روونە بیرمان دەخاتەوە هێشتا ئەو عەقڵییەتە لە عێراق ماوە بۆ ئەوەی دووبارە جینۆسایدکردنی گەلی کورد دووبارە بکەنەوە.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بەڵێنەکەی خۆی بەرامبەر بە هەڵەبجەییەکان بردە سەر بە دەستی پڕ سەردانی پارێزگاکەی کرد و کۆمەڵێک پڕۆژەی جێبەجێ کرد و کۆمەڵێک بەڵێنی بەخەڵکی ئەو شارەدا.

هەورامانی، ئاماژەی بەوەدا، کۆمەڵێک پڕۆژەی گرنگی دیکە لەو پارێزگایە لە قۆناغی جێبەجێکردندان، کە چەندەها هەلی کار بۆ دانیشتووانەکەی دەڕەخسێنێت، هەروەها حکومەت هەموو کار ئاسانییەک بۆ وەبەرهێنەران دەکات کە بیانەوێت وەبەرهێنان لەو شارەدا بکەن.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: هێشتا لەنێو عێراقدا هەندێک عەقڵییەتی شۆڤێنی هەیە ئەگەر هەمان ئەو هێزەی رابردووی هەبێت لەبری مووچەبڕین کیمیابارن دووبارە دەکەنەوە، هەموو حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق چاویان لەوەبوو کە چۆن کورد لە قاڵب بدەن.

لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، هەورامانی گوتی: "ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان وەک هەڵوێستێک بە کۆی دەنگ بڕیاریداوە کە چیدیکە قبوڵناکات مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بە ناتەواوی بنێردرێت، مووچەی شەهیدانی کیمیابارنیش بڕاوە، بەڕاستی نازانم ئەمە چ عەقڵیەتێکە کە بیەێت مووچەی شەهیدان ببڕێت!".

هەورامانی گوتیشی: حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەر رێگەیەک بێت هەوڵدەدات بەو نزیکانە مووچەی مووچەرخۆرانی هەرێم دابەش بکات.

پێشەوا هەورامانی، لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت: دەسەڵاتدارانی عێراق هیچ کاتێک کوردیان بە بەشێک لە گەلی خۆیان نەزانیوە، ئەگەرنا دەیانتوانی لە دانیشتنێکی پەرلەمانی عێراق پڕۆژەیاسای بەپارێزگابوونی هەڵەبجە پەسەند بکەن، بەڵام تا ئێستا ئەو کارەیان نەکرد و دان بەوە نانێن کە ستەم لە دانیشتووانی هەڵەبجە کراوە.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی قەرەبووکردنەوەی هەڵەبجە رایگەیاند، حکومەتی عێراق بەرانبەر بە هەڵەبجە و دانیشتووانەکەی کەمترخەم بووە، تا ئێستا ئەو جینۆسایدانەی کە رژێمی پێشوو دەرهەق بە کورد ئەنجامیداوە، حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق داوای لێبواردنیان نەکردووە و قەرەبووی خەڵکەکەشیان نەکردووەتەوە.

هەورامانی، لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لەوە دەکاتەوە، "کە کورد یەک ریز بێت بەرانبەر بەو ستەمانەی لێی دەکرێت". ناوبراو گوتیشی: پێویستە هەندێک چاوساغی حکومەتی عێراق لە هەرێمی کوردستان بەهۆش خۆیان بێنەوە.

ناوبراو سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، هەندێک کەس و لایەن لەنێو هەرێمی کوردستان هەن کە هیچ باکیان بەو قەوارە دەستوورییە نییە، تەنیا بۆ ئەوەی بڵێن ئەو حکومەتە شکستی هێنا و نەیتوانی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەش بکات و، ئەو کەسانە هەمیشە ئامادەن حکومەتی فیدراڵ فێری مووچەبڕین بکەن.

گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەشکرد، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەتا هێزی تیاییە بەرگری لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات، ستەم لە هیچ لایكیش قبوڵ ناکات، هەروەها نەرمی نواندن بۆ رێککەوتن بە مانای تەسلیمبوون نایەت، بە مانەی ئەوەیە کە میلەتێکین دەمانەوێت بەبێ کێشە بژین رێز لە هەموو لایەک دەگرین، دەبێت هەموو لایەکیش لە بەرامبەردا رێزمان لێبگرن".

پەیامی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە 36ـەمین ساڵیادی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە

ئەمڕۆ شەممە (16ـی ئاداری 2024) سه‌رۆكوه‌زیران مه‌سرور بارزانی رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی ئەم تاوانە و تاوانەکانی دیکەی رژێمە یەک لە دوای یەکەکانی عێراق جینۆسایدکردنی گەلی کوردستان و سڕینەوەی ناسنامەکەی بوو، کە پێویستە هەمیشە ئەم تاوانانەمان لە یاد بێت و هاندەرمان بێت بۆ داکۆکیکردن لە مافە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان.

سه‌رۆكوه‌زیران دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، جێی داخ و نیگەرانییەکی قووڵە، لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو، حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق، تائێستا ئامادەنین بە شێوەیەکی شایستە قەرەبووی کەسوکاری شەهیدانی هەڵەبجە و قوربانییانی شاڵاوەکانی ئەنفال و تاوانەکانی دیکە بکەنەوە، کە ئەوە مافێکی رەوا و دەستووری خەڵکی کوردستانە، تەنانەت تائێستا ئامادە نین رێکارەکانی بەپارێزگابوونی هەڵەبجەش تەواو بکەن.

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانیدا هاتووه‌، خزمەتکردنی خەڵکی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و لە کاتی سەردانمان بۆ پارێزگای هەڵەبجە، رەزامەندیمان لەسەر هەموو ئەو داواکارییانە دا كه‌ بۆ دەڤەرەکە خرانەڕوو، هیوادارين لە داهاتوودا بتوانین زیاتر خزمەتی خەڵکی نیشتمانپەروەر و قوربانیدەری هەڵەبجە بکەین.

کیمیابارنکردنی هەڵەبجە

رۆژی 16ی ئاداری 1988، فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق ناوەندی شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری شارەکەیان بە گازی کیمیایی بۆمباران کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و زیاتر لە دە هەزار ھاووڵاتیی دیکەیش برینداربوون، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکیان بەدەست ئازارەکانییانەوە گرفتارن.

بەگوێرەی ئامارەکان 68%ـی قوربانییەکان تەمەنیان لە ژێر 18 ساڵەوە بوونە، لە دوای کیمیابارانەکە لە کۆی 216 گوند 198 گوندیان بە تەواوی وێرانکران، سامانی ئاژەڵ و کشتوکاڵ و سروشتی ناوچەکە بە رێژەی 100% زیانی پێگەیشت.