سوودانی بۆ یادی کیمیابارانی هەڵەبجە: هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عێراق بۆ خزمەتکردنی ئەو کەسانەی ستەمیان لێکراوە بەردەوامە

محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 – هەولێر:

سەرۆکوەزیرانی عێراق لە یادی کیمیابارانی هەڵەبجەدا، جەخت لەپشتیوانی مافەکانی خه‌ڵكی هەڵەبجه‌ دەکاتەوە و ده‌ڵێت: "هه‌وڵه‌كانی حكومه‌تی عێراق بۆ خزمەتکردنی ئەو کەسانەی ستەمیان لێکراوە بەردەوامە".

لە پەیامێکدا بە بۆنەی تێپەڕبوونی 36 ساڵ بەسەر کیمیابارانی هەڵەبجە، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، کیمیابارانی هەڵەبجە دڕەندەیی رژێمی گۆڕ بەگۆڕ دژی کوردەکان و نەتەوەکانی دیکەی عێراق بۆ نەوەکانی داهاتوو دەگوازێتەوە.

سوودانی لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەشداوە، کارەساتی هەڵەبجە لە ویژادانیان دەمێنێت.

گوتیشی: "هەوڵەکانی حکومەتی عێراقیش بۆ بەهێزکردنی سیستەمی دیموکراسی خزمەتکردنی ئەو کەسانەی ستەمیان لێکراوە و دابینکردنی مافەکانیان بەردەوامە".

ئەمڕۆ شەممە، 36 ساڵ بە سەر کیمیابارانی شاری هەڵەبجە تێدەپەڕێت. دوای 13 ساڵ لە بە جینۆسایدناساندنی تاوانی کیمیابارانەکە لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا حکوومەتی عێراق وەک میراتگری رژێمی پێشوو ئامادە نەبووە قەرەبووی قوربانیان بکاتەوە.

فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق رۆژی 16ـی ئاداری 1988، ناوەندیی شاری ھەڵەبجە و دەوروبەری شارەکەیان بە گازی کیمیایی بۆمباران کرد و بەھۆیەوە زیاتر لە پێنج ھەزار ھاووڵاتیی سڤیل شەھید و زیاتر لە دە هەزار ھاووڵاتیی دیکەیش بریندار بوون، کە تاوەکوو ئێستاش بەشێکیان بەدەست ئازارەکانییانەوە گرفتارن.