دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجە یەکێکە لە زامە سارێژنەبووەکان

K24 – هەڵەبجە:

36 ساڵ بەسەر کیمابارانی هەڵەبجەدا تێدەپەڕێت، بەڵام هێشتا زامی هەڵەبجەییەکان سارێژ نەبووە و چاوەڕێن حکومەتی عێراق قەرەبوقی هەڵەبجە بکاتەوە و دۆسیەی منداڵە ونبووەکانی هەڵەبجەش چارەسەر بکات.

جارێکیتر و لە ساڵێکی تردا هەڵەبجە بە گۆرانی بە تەنیا جێم مەهێڵن یادی 36 ساڵەی کیمیابارانکردنی شارەکەی کردەوە، ئەو کارەساتەی لە ماوەی چەند خولەکێکدا رۆحی زیاتر لە پێنج هەزار مرۆڤی بێتاوان بە رەو ئاسمان فڕاند، بەڵام تا ئێستا لە پاڵ قەرەبوونەکردنەوەى قوربانییانى هەڵەبجە لە لایەن حکومەتى عێراقەوە، دۆسیەی منداڵە ونبووەکانیش هەر وەک خۆی ماوە و هیچ هەوڵێک بۆ دۆزینەوەیان نەدراوە.

سەبریە محەممەد، هاووڵاتى بە کوردستان24ـی راگەیاند، پێنج منداڵم لەو کارەساتەدا ونبوونە تا ئێستا هیچ سۆراغێکیان نییە.

هەموو سالێک لە گەڵ یادى کیمیابارانى هەڵەبجە باسى قەرەبووکردنەوەى قوربانیئانى هەڵەبجە لە لایەن حکومەتى عێراقەوە دێتەوە بەر باس، بەڵام تا ئێستا نەتوانراوە لەو بوارەدا شتێکى وەها بکرێت، بە گوتەى بەرپرسانى شارەکە دوایین سەردانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمی کوردستان بۆ هەڵەبجە توانى ئاهێک بەبەرى هەڵەبجەییەکاندا بهێنێتەوە.

لەلایەن خۆیەوە ئازاد تۆفیق، پارێزگارى هەڵەبجە بە کوردستان24ـی گوت: حکومەتی عيراق تا ئێستا 1%ـی قەرزەکەی هەڵەبجەی نەداوەتەوە، ئەو ئاوەدانییە ئەو زانکۆیە و ئەو پەیمانگایە ئەو شەقامە دووسایدە پارەکەی هەمووی کابینە یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردوویانە کە جێگای دەستخۆشییە.

زامى هەڵەبجە لەناو دڵى کوردانى پارچەکانى دیکەى کوردستانە و هەر ئەوەش وایکردووە ساڵانە هەندێکیان سەدان کیلۆمەتر ببڕن بۆ بەشداریکردن لە یادى کیمیابارانى هەڵەبجە.

سلێمان ئاگوشی، ئەندامی یانەی شاخەوانی هەڵگورد لە رۆژهەڵاتی کوردستان، دەڵێت: ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووین شاری پیران شار و مەهابادەوە هاتووین کە پەیامی هاوخەمی خۆمان بە خەڵکی کوردستان بەخەڵکی هەڵەبجە بگەینین، بەتایبەتی پەیامی هاوخەمی و پێکەوەبوون و پەیامی دەستەخوشکی سەردەشت و هەڵەبجە بۆ هەموو خەڵکی کوردستان رابگەیەنین.

دوای زیاتر لە سێ دەیە، هێشتا هەڵەبجەییەکان کاریگەری گازە کیماییەکانیان لەسەرماوە، ئەوان چاوەڕێی ئەو بەڵێنانەن کە حکومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عێراق لە دوای ساڵی 2003ـەوە بەم شارەیان داوە، بەڵام هێشتا بەڵێنەکان قسەن و نەبوونەتە کردار.