دەستپاکی عێراق: بەتۆمەتی گەندەڵی سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتەجێبوونی نەینەوا دەستگیرکرا

دەستەی دەستپاکی عێراق
دەستەی دەستپاکی عێراق

K24 - هەولێر

دەستەی دەستپاکی ڕایگەیاند، بەتۆمەتی گەندەڵی و سەرپێچی بۆ سەر زەوییەکانی دەوڵەت، سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتەجێبوونی نەینەوا دەستگیرکرا.

حەیدەر حەنون، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتەجێبوونی نەینەوا بە تۆمەتی زیادەرۆیی لەدەستەڵاتەکانی و سەرپێچی بۆ سەر زەوی دەوڵەت و دەستکەوتنی پارەی نایاسایی بەهۆی زەوییەک بەبڕی 80 ملیار دینار دەستگیرکراوە.

لە بەیاننامەکەدا هاتووە،  تۆمەتبار هەڵساوە بە دابەشکردنی زەوییەکی 160 دۆنمی بۆ  2000 پارچە زەوی و فرۆشتنی کە لەبنەرەتدا زەوییەکە موڵکی وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقە.

ئەوەشی ئاشکراکرد، بە ناشەرعی و بە پێچەوانەی یاسا تۆمەتبار بڕی 80 ملیار دیناری دەستکەوتووە، دوای دەرکردنی فەرمانی دەستگیرکردنی لەلایەن دادگای لێکۆڵینەوەی نەینەوای تایبەت بەو دۆسیانە، تۆمەتبار بەپێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیرکراوە .