هەڕەشەکانی ئێران و میلیشیاکانی بەرامبەر ئەمەریکا و ئیسرائیل کاریگەر نەبوون

ژمارەیەک چەکداری سەر بە حەشدی شەعبی
ژمارەیەک چەکداری سەر بە حەشدی شەعبی

K24 - هەولێر

لەکاتێکدا ئێران و میلیشیاکانی، بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە هیچ کاردانەوەیەکی کاریگەریان بەرامبەر ئەو دوو وڵاتە هەبێت.

ئەندام و لایەنگرانی میلیشیاکانی نزیکی ئێران لە عێراق کە ژمارەیان نزیکەی 70 میلیشیاییە، لە کاردانەوەی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە؛ بەردەوام هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە لە ئەمەریکا و ئیسرائیل دەکەن.

هەروەها بەرپرسانی ئێران چەندان جار، وەک هەمیشە هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە و بەسزا گەیاندنی ئیسرائیل و ئەمەریکا دەکەن لە کاتێکدا زیاتر لە سی و یەک هەزار کەس لە غەزە کوژراون و زیاتر لە 73 کەسی دیکە بریندار بوون.

ئێران خاوەنی گەورەترین کۆگای مووشەکی بالیستی مەودا دوورە لەناوچەکەدا، هەروەها زیاتر لە 100 گرووپ و میلیشیا لە پێنج وڵاتی ناوچەکە بریکاریەتیی سەربازی دەکەن، هاوکات دووریی نێوان پێگە سەربازییەکانی ئێران لە سووریا، لەگەڵ ئیسرائیل تەنیا چەند کیلۆمەترێکە، بەڵام  پێش ڕووداوەکانی 7ـی ئۆکتۆبەر و دوای ئەم ڕووداوانەش ئێران و میلیشیاکان لە سووریا و عێراق نەیانتوانیوە کاردانەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ و کاریگەریان بەرامبەر هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە هەبێت.

کەچی لە مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ بەپاساوێکی نەسەلمێندراوی بوونی بنکەی ئیسرائیل، چەند هێرشێکی درۆنی دەکەنە هەولێر، کە دوایینیان هێرشی مووشەکی سوپای پاسداران بوو بۆ سەر ماڵی یەکێک لە خاوەنکارانی هەرێمی کوردستان  کە بەهۆیەوە چوار کەس شەهید بوون و چەند کەسێکی دیکە برینداربوون، یەکێک لە قوربانیان منداڵێکی تەمەن 11 مانگ بوو.