ترەمپ: هەرجارێک زێلێنسکی دێتە ئەمەریکا بە شەست ملیار دۆلارەوە دەگەڕێتەوە

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا رایگەیاند، زێلێنسکی باشترین فرۆشیارە لە مێژوودا، هەر جارێک دێتە ئەمەریکا بە پەنجا یان شەست ملیار دۆلارەوە دەڕواتەوە ئۆکرانیا.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا، ڕایگەیاند ڤلادیمێر زێلێنسکی باشترین فرۆشیارە لە مێژوودا هەر سەردانێک بۆ ئەمریکا بە شەست ملیار دۆلارەوە دەگەڕێتەوە ئۆکرانیا.

ترەمپ سەبارەت بە داواکاریی یاسادانەرانی ئەمەریکا بۆ پێدانی پارەی زیاتری ئۆکرانیا گوتی: "دەڵێن ئۆکرانیا پارەکە بۆ ئێمە دەگەڕێنێتەوە، پێیان بدەن و پارەیان بە قەرز پێدەن، بەڵام شەست ملیار بە چەک مەنووسن".

ترامپ دەڵێت:  "پێتان دەڵێم، زێلێنسکی یەکێکە لە باشترین فرۆشیارەکانی مێژوو، هەر جارێک دێتە وڵاتی ئەمەریکا، بە پەنجا یان شەست ملیار دۆلارەوە دەڕواتەوە، من هەرگیز نەمتوانیوە وەک ئەو بکەم، ئەو باشترین فرۆشیارە کە دیوومە"

پێنجشەممەی ڕابردوو، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا ڕایگەیاند، پێویستە وڵاتانی ئەوروپا پارە بۆ یارمەتیدانی ئۆکرانیا تەرخان بکەن، لەسەر بنەمای یەکسان لەگەڵ ئەمەریکا.

پێش ئەوە ڤیکتۆر ئۆربان، سەرۆکوەزیرانی هەنگاریا کە لە 8ـی ئازاردا لە ماڵەکەی خۆی لە فلۆریدا لەگەڵ ترەمپ کۆبووەوە، ڕایگەیاند، ئەگەر ترەمپ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، پارەی پڕچەککردنی ئۆکرانیا نادات و خەرجی بۆ ئاسایشی ئەوروپا دابین ناکات.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا پێشتر جەختی لەوە کردەوە کە نابێت ئەمریکا بەرگری لەو وڵاتانەی ناتۆ بکات کە شایستەی هاوپەیمانییەکە نادەن، ترەمپیش مانگی ڕابردوو لە میانی گردبوونەوەیەکی هەڵبژاردندا لێدوانێکی هاوشێوەی دا، کە تیایدا ڕایگەیاندبوو کە هانی ڕووسیا دەدات بۆ ئەوەی هەر وڵاتێکی بوێت داگیری بکات.

لە بەرامبەردا جۆ بایدن، سەرۆکی ئێستەی ئەمەریکا، ترەمپی پێش خۆی بە "ملکەچی" بۆ سەرۆکی ڕووسیا تۆمەتبار کرد و بانگەشەی  کرد کە بە ڤلادیمێر پوتن، سەرۆکی ڕووسیای گوتووە "هەرچیت بوێت لەگەڵ وڵاتانی ناتۆ بیکە".

لای خۆیەوە، بایدن داوای لە کۆنگرێس کرد بەردەوام بێت لە هاوکاریکردنی ئۆکرانیا و هۆشداریشی دا لەوەی ئازادی و دیموکراسی "لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات" لەژێر هێرش و هەڕەشەدایە.