ئەمڕۆ یاریی لوتکەی جامی فا بەڕێوەدەچێت

مانچێستەر یونایتد - لیڤەرپوول
مانچێستەر یونایتد - لیڤەرپوول

مانچێستەر یونایتد و لیڤەرپوول لە یەکێک لە گرنگترین یارییەکانی ئەم ورزە و لە قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی فا، لە یاریگای ئۆڵترافۆردی تایبەت بە مان یونایتد رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە، دۆڕان لەم یارییە واتە ماڵئاوایی کردن لە جامەکە.

شەیتانە سوورەکان لە کاتێکدا لەم یارییە میوانداری رکابەرە دێرینەکەیان دەکەن، لە پێنج یاریی رابردووی لە یاریگای خۆی بەرامبەر لیڤەرپوول، تەنها یەک یاریی براوە بووە، لە بەرامبەردا دوو یارییان لە یاریگای خۆیان دۆڕاندووە و لە دوو یاریش بەرامبەربوینە.
پێش یارییەکە ئێریک تێن هاگ بەرێوەبەری هونەری مانچێستەر یونایتد، هەواڵی خۆشی بۆ هاندەرانی یانەکەی راگەیاند و گووتی، بۆ ئەم یارییە بەشێک لەو یاریزانانە دەگەڕێتەوە پێکهاتەی سەرەکی، کە لە ماوەی رابردوو دابڕا بوون.

لەلایەکی دیکەوە لیڤەرپوول دوای زنجیرەیەک ئەنجامی باش و پارێزگاری کردن لە پێشەنگایەتی پرێمەرلیگ، ئەمجارەیان ئامانجیەتی لەسەر ئەو ئەنجامە باشانەی بەردەوام بێت و لەسەر دەستی رکابەرە مێژوویەکەی بلێتی قۆناغی چارەکی کۆتایی جامی فا بەدەست بێنێت.

دوایینجار هەردوو یانەی لیڤەرپوول و مانچێستەر یونایتد، لە ساڵی 2012 و لە قۆناغی 32ـی جامی فا بەرامبەر یەکتری یارییان کردووە، ئەو کات لیڤەرپوول لە یاریگای خۆی توانی یارییەکە بە ئەنجامی دوو گۆڵ بەرامبەر گۆلێک بباتەوە و مان یونایتد لە جامەکە بێ بەش بکات.

یۆرگێن کلۆپ بەرێوەبەری هونەری لیڤەرپوول، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یارییەکە، باسی لە بارەدۆخی ئەو یاریزانانە کرد کە پێکانیان هەیە و دوورکەوتنەوەی بەشێکیشیانی ئاشکرا کرد.

لیڤەرپوول لە مێژوودا هەشتجار بووەتە پاڵەوانی جامی فا، لە دوای مانچێستەر یونایتدی خاوەنی 12 ناسناو و هەروەها دوای ئارسێناڵی خاوەنی زۆرترین ناسناو، هەروەها رێدز دوایینجار ساڵی 2022 کاتێک توانی ناسناوی جامی فا بەدەست بێنێت.