دەستەی دەریایی بەریتانیا: تەقینەوەیەک لە نزیک کەشتییەکی بازرگانی لە کەنداوی عەدەن ڕوویدا

وێنە، ئەرشیف
وێنە، ئەرشیف

K24 - هەولێر

دەستەی ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی ڕایگەیاند، ڕاپۆرتێکی تەقینەوەیان لە نزیک کەشتییەکی بازرگانی پێگەیشتووە لە کاتێکدا کەشتییەکە بە دووری 85 میل لە ڕۆژهەڵاتی عەدەنی یەمەندا تێدەپەڕی.

دەستەی دەریایی بەریتانیا لەسەر زاری کاپتنی کەشتییەکە ڕایگەیاندووە، کەشتییەکەی هیچ زیانێکی پێنەگەیشتووە و بەردەوامە لە ڕۆشتن بەرەو شوێنی مەبەست، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە تیمی کەشتییەکە باشن.

دەستەکە ئاماژەی بەوەش کرد، دەسەڵات بەدواداچوون بۆ ڕووداوەکە دەکات، هەروەها ئامۆژگاری ئەو کەشتیانەی کردووە کە بە ناوچەکەدا تێدەپەڕن، ئاگاداربن و هەر چالاکیەکی گوماناویش هەبوو ڕاپۆرتی بکەن.

دەستەی دەریایی بەریتانیا وردەکاری زیاتری نەخستەڕوو، بەڵام حووسیەکان بەردەوام هێرش دەکەنە سەر ئەو کەشتییە بازرگانییانەی کە بە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا تێپەڕ دەبن.

حووسییەکان دەڵێن لەو کەشتییانە دەدەین کە هی کۆمپانیا ئیسرائیلییەکانن یان لەلایەن ئەوانەوە بەڕێوەدەبرێن یان کاڵا دەگوازنەوە بۆ ئیسرائیل، ئەمەش وەک هاوسۆزییەک بۆ هاووڵاتیانی فەڵەستینی کەرتی غەززە ئەژمار دەکەن.

ئەمەریکا و بەریتانیا لە کۆتایی ساڵی ڕابردووەوە هێرشەکانیان بە ئامانجی سنووردارکردنی تواناکانی گرووپی حووسییەکان دەست پێکردووە.

فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو، کە هێزەکانیان توانیویانە ژمارەیەک بەلەم و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کە سەر بە گرووپی حووسییەکان بوون، لە ناو ببەن.