عەبدولی حەمە جوان: هەرگیز لەو بڕوایەدا نیم جارێکی تر بگەڕێمەوە نێو هونەری نواندن

عەبدولی حەمە جوان، هونەرمەند
عەبدولی حەمە جوان، هونەرمەند

K24 - هەولێر

هونەرمەندی ناسراوی بواری نواندن "عەبدولی حەمە جوان" دوای بەشداریی لە دەیان کاری شانۆیی و فیلم و درامادا، بە یەکجاری وازهێنانی خۆی لە کارە هونەرییەکانی ڕاگەیاند.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17ـی ئاداری 2024، عەبدولی حەمە جوان، هونەرمەندی ناسراوی بواری نواندن بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، هۆکاری وازهێنانم لە بواری نواندن ئەوەیە، گەر هونەرێک بۆ خزمەتی دۆزی کورد نەبێت و گوزارشت لە ئازاری میللەتێک نەکات، کە هەمیشە خەون بە مافە ڕەواکانیەوە دەبینێت و دەیەوێت جەنگ لە پێناو ئازادیی ڕەها بەرپا بکات، یان ئازار و ئەشکەنجەکانی ڕۆژگاری تێدا جێ نەکرابێتەوە منیش وەک هونەرمەند ئامادەنیم بەشداری لە کاری کرچ و کاڵدا بکەم، کە خزمەتێک بە میللەتەکەم ناکات.

بە گوتەی ئەو، "سەردەمانێک ئێمە پەیامی ئاگرینمان لەسەر تەختی شانۆ بە گوێی دوژمنانی کورد دەچرپاند و زۆر جاریش لە ڕێگەی بەرهەمە هونەرییەکانمەوە تووشی ئەشکەنجە و ئازاری ڕژێمی بەعس دەبوومەوە، بەڵام هەر سووربووین لەسەر کارە هونەرییەکانمان، ئێستاش کە دەبینم هیچ بەرهەمێک نییە، پەیامێکی نیشتمانی تێدا بێت، چۆن نەگەمە ئەو بڕیارەی کە دەست لە کار و چالاکییە هونەرییەکانم هەڵگرم؟ بۆیە، بە ڕوونی دەمەوێت ئەوە بڵێم مەحاڵە بتوانم لەم کەشە نالەبارەی نێو هونەردا جارێکی دیکە بگەڕێمەوە نێو کاری دراما و نواندن".

لە کۆتایی قسەکانیشیدا عەبدولی حەمە جوان گوتی: "ئەوەی ئێستا پێشکەش دەکرێت ژەهرێکە دەرخواردی میللەت دەدرێت، نەک کاری هونەری پڕ لە داهێنان، چونکە زۆربەی ئەو بەرهەمانەی کاریان لەسەر دەکرێت لە ڕووی سیناریۆ و دەقدا کرچ و کاڵن و بە کەڵک ئەوە نایەن بکرێن بە خامی بەرهەمێکی تەلەڤزیۆنی".