کارۆ کاوە: تەنها پەرلەمانی عێراق دەتوانێت سنوورێک بۆ دادگای فیدراڵی دابنێت

کارۆ کاوە، نووسەر و شارەزای یاسایی
کارۆ کاوە، نووسەر و شارەزای یاسایی

K24 - هەولێر

نووسەر و شارەزایەکی یاسایی دەڵێت، تەنها پەرلەمانی عێراق دەتوانێت سنوورێک بۆ دادگای فیدراڵی دابنێت. ئاماژە بەوەش دەدات، "دادگای فیدراڵی لەسەر بنەمایەکی نادەستووری دامەزراوە".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 17-03-2024، کارۆ کاوە، نووسەر و شارەزای یاسایی، کە کتێبێکی لەژێر ناونیشانی "هەرێمی کوردستان لەنێوان دەستوور و دادگای فیدراڵی" بڵاوکردووەتەوە؛ بە کوردستان24ـی راگەیاند، "دادگای فیدراڵی لەسەر بنەمایەکی نادەستووری دامەزراوە و نابێت کار بە بڕیارەکانی بکرێت".  

کارۆ کاوە گوتی، "بەپێی یاسای هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە لە ساڵی 2005 دادگای فیدراڵی لەسەری دامەزرێندراوە، دەبێت دادگاکە لە سێ چین پێکبێت: دادوەران، شارەزایانی یاسایی و شارەزایانی ئایینی، بەڵام ئێستا تەنها چینی دادوەران لە دادگاکە هەیە و ئەمەش پێچەوانەی یاساکەیە".

وەکو ئەوەی ئەو نووسەرە باسی کرد، "تەنها پەرلەمانی عێراق دەتوانێت سنوورێک بۆ دادگای فیدراڵی دابنێت. ئەگەر کۆدەنگییەکی سیاسی هەبێت، دەتوانرێت لە رێگەی پەرلەمانی عێراقەوە دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق هەڵبوەشێندرێتەوە و لەسەر بنەمای دەستوور، دادگایەکی نوێ دابمەزرێنێت کە هەرسێ پێکهاتەی کورد، سووننە و شیعەی تێدا بێت".

کارۆ کاوە لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "زۆرینەی ئەو بڕیارانەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەردەکرێن دەستی سیاسییان لە پشتە و دژی قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان و خەڵکەکەین".