هەوڵی لادانی سیستەمی فیدراڵی لە عێراق دەدرێت

ئاڵای عێراق
ئاڵای عێراق

K24 - هەولێر 

مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی کە سیستەمی فیدراڵی لە عێراق شکستی هێناوە. دەگوترێت لایەنە عێراقییەکان توانییان تەنیا لەسەر کاغەز، لە چەسپاندنی فیدراڵی سەرکەوتن بەدەست بهێنن.

سیستەمی فیدراڵی وەک چارەسەرێکی دیموکراسی خراوەتەڕوو بۆ ئەو وڵاتانەی کە فرە پێکهاتەن لەڕووی ئایینی، زمان و کولتوورییەوە. لەم سۆنگەیەوەش لە دوای 2003 سیستەمی فیدراڵی بۆ عێراق پێشنیار کرا و لە دەستووری 2005 جێگیرکرا، بەڵام ئێستا مشتومڕێکی زۆر هەیە لەسەر ئەوەی کە سیستەمی فیدراڵی لە عێراق شکستی هێناوە و دەگوترێت، ئەو دەستوورە فیدراڵەی هەمووان دەنگییان لەسەر دا، دواتر چەند لایەنێک لە جێبەجێکردنی دەقەکانی پاشگەزبوونەوە.

لە زۆر گۆشەوە باس لە فیدراڵیی عێراق دەکرێت، چەند بۆچوونێکی بیانیی هاوتەریب لەسەر هۆکارەکانی شکستهێنانی فیدراڵی لە عێراقدا هەن. پڕۆژەی ئەمەریکی بۆ توێژینەوە و زانیاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژە بەوەدەدات، لایەنە عێراقییەکان توانیان تەنیا لەسەر کاغەز، لە چەسپاندنی فیدراڵی سەرکەوتن بەدەست بهێنن، چونکە چەندین هۆکاری ناوخۆیی هەن کە رێگرن لە سەرکەوتنی فیدراڵی لە حوکمڕانیی عێراق.

 لەو هۆکارانەی پڕۆژەی ئەمەریکی بۆ توێژینەوە و زانیاری لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باسی کردوون، ناسەقامگیری پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هزری ناوەندگەرایی دەسەڵات لای چەند لایەنێکی عێراقی، پرۆژە ئەمەریکییەکە نەبوونی کولتووری دیموکراسی، ململانێی مێژوویی، ئاستەنگی بەهەرێمبوون، ناهاوسەنگی سیاسی، نەبوونی ئەنجوومەنی فیدڕاڵی و کاریگەری وڵاتانی دراوسێ بە چەند هۆکارێکی دیکەی ئەو شکستە دەزانێت.

لەلای خۆیەوە پەیمانگەی شاهانەی بەریتانی ناسراو بە "چاتەم هاوس" لەبارەی حوکمڕانی سیاسی عێراقەوە دەڵێت، سیستەمی عێراق نوخبەیەکی گەندەڵی کردووەتە بار بەسەر خەڵکەوە. پەیمانگاکە ئاماژەی بەوەش داوە، مانەوەی رەگی هزری تاکڕەوی لەدوای رووخانی  رژێمی دیکتاتۆری هۆکارێکی زەقی شکستی فیدراڵییەتە لە عێراقدا.

شارەزایانی سیاسی عێراقیش، شکستی فیدراڵی بۆ لاوازی کولتووری دیموکراسی لە کۆمەڵگەی عێراقی دەگەڕێننەوە. دەشڵێن، فیدراڵی لە ڕوانگەی بەشێک لەو لایەنانەوە بەگشتی بەمانای جیابوونەوە و پارچە پارچە بوون و لاوازی عێراق دێت، نموونەش بە لێدوانێکی پێشووی سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری “فایەق زێدان” دەهێننەوە کە زیادبوونی هەرێمێکی دیکەی رەتکردەوە، بەبیانووی ئەوەی دەبێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی عێراق و پارچەپارچەبوونی خاکەکەی. ئەم لێدوانەشی دوای ئەوەی هات کە بیرۆکەی پێکهێنانی هەرێمی ئەنبار خرایە بەرباس.

شارەزایان دەشڵێن، مەترسییە جددیەکە لەوەدایە کە نموونە باڵاکانی دامەزراوە فیدراڵییەکان بەوجۆرە بیردەکەنەوە و بە ئاشکرا پێشێلی ماددەکانی دەستوور دەکەن.