بارسێلۆنا تووشی کێشەیەکی گەورە دەبێتەوە

بارسێلۆنا
بارسێلۆنا

ساڵی رابردوو بارسێلۆنا زۆر هەوڵیدا لیۆنێل مێسی جارێکی دیکە بگەڕێنێتەوە ریزەکانی، بەڵام کێشە داراییەکانی ئەو یانەیە بونە بەربەست و کارگێری ئەو یانەیە هەموو کارێکی کرد بۆ ئەم ئەنجامە، کەچی دواجار شکستیان هێنا و نەیتوانی باشترین گۆڵکاری مێژوویی یانەکەیان بگەڕێننەوە.

رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی لە راپۆرتێکدا هۆشداری دەداتە کارگێر بارسێلۆنا، ئەگەر چارەسەرێک بۆ کێشە داراییەکانیان نەدۆزنەوە، رەنگە وەرزی داهاتوو چەند یاریزانێکی پێکهاتەی سەرەکی یانەکەشیان لەدەست بدەن، لەوانەش کانسێلۆی بەرگریکاری کاتی و رافینها و هەروەها لامین یامال.

کانسێلۆ بە شێوەی خواستن یاریی بۆ بلاوگرانا دەکات، ئەو یاریزانە تاوەکو ساڵی 2027 گرێبەستی لەگەڵ مانچێستەر سیتی هەیە و نایەوێت بگەرێتەوە ئەو یانەیە، لە بەرامبەردا بەهۆی ئاستە بەرزەکەی، بارسێلۆنا هەموو هەوڵێک بۆ مانەوەی دەدات، بەڵام هەوڵی بێ سوود و بێ ئامانج.

یانەکانی سعوودی دەیانەوێت سوود لەو دەرفەتە ببینن و کێشە داراییەکانی بارسێلۆنا بقۆزنەوە و ئۆفەرێکی خەیاڵی بۆ گواستنەوەی کانسێلۆ پێشکەشی مانچێستەر سیتی بکەن، خودی یانە ئینگلیزیەکەش ئامادەیە دەستبەرداری ئەو یاریزانە بێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت، بەرگریکارە دڵخوازەکەی بارسا، وەرزی داهاتوو ئەو یانەیە جێبێڵێت.

لەلایەکی دیکەوە رافینها هێرشبەری بەڕازیلی بارسێلۆنا، هەرچەندە ئەو یاریزانە گرێبەستی لەگەڵ یانەکەی تاوەکو 2027 هەیە، بەڵام لە سعوودیە ئۆفەرێکی 80 ملیۆن یۆرۆیی بۆ هاتووە، ئەمەش بەرپرسانی یانەکەی دوو دڵ کردووە.

بارسێلۆنا لەلایەکەوە بیر لەوە دەکاتەوە، بە فرۆشتنی رافینها، بەشێک لە کێشە داراییەکانی بۆ وەرزی داهاتو چارەسەر بکات، لەلایەکیشەوە دوو دڵە لەوەی نەتوانێت شوێنگرەوەیەکی باشی بۆ بدۆزێتەوە، بۆیە تاوەکو کۆتا رۆژ چاوەڕێ چارەنوسی ئەو یاریزانە دەکەن.

لامین یامال هێرشبەرە لاوەکەی بلاوگراناش بەهۆی ئاستە بەرزەکەی، هەم بووەتە کێشە بۆ یانەکەی هەمیش بووەتە چارەسەری. کێشەکە ئەوەیە یانە گەورەکانی ئەوروپا هەوڵی گواستنەوەی بۆ دەدەن و رەنگە ئەو یاریزانە رازی بکەن، وەرزی داهاتوو بە مووچەیەکی خەیاڵی ببەنە ریزەکانیان.