بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر: ئێران و تورکیا هۆکاری گرانبوونی گۆشتی سوورن

K24 - هەولێر

بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر ڕایگەیاند، کەمبوونەوەی خواست لەسەر گۆشتی سوور پەیوەندی بە گرانبوونی نرخەکەیەەوە هەیە، لەلایەکی دیکەشەوە ئێران و تورکیاش هۆکارن بۆ گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور.

هەڵمەت هەمزە، بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کەمبوونەوەی خواست لەسەر گۆشتی سوور پەیوەندی بە چەند بابەتێکەوە هەیە، خاڵی هەرە گرنگ گرانبوونی نرخەکەیەتی، هەروەها خاڵێکی دیکە ناجێگیری دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان.

هەمزە ئاماژەی بەوەشکرد، لەمانگی ڕەمەزان لە دوو ژەمی سەرەکی ژەمێک کەم دەبێتەوە ئەمەش هۆکارێکە بۆ کەمبوونەوەی خواست لەسەر گۆشتی سوور، گوتیشی: نەهاتنی گەشتیار لە مانگی ڕەمەزان کاریگەری هەیە لەسەر کەمبوونەوەی خواست لەسەر گۆشتی سوور.

باسی لەوەشکرد، لە ساڵی 2023 بەراورد بە ساڵی 2022، ڕێژەی سەربڕینی ئاژەڵی گەورە لە 8.30% کە مبووەتەوە، هەروەها ڕێژەی سەربڕینی ئاژەڵی بچوکیش لە 14.98% کەمبووەتەوە. گوتیشی: ئاماری سەربڕینی ئاژەڵ بۆ سێ مانگی ئەمساڵ بەراورد بە سێ مانگی پار ساڵ بەڕێژەی 41% لەمیکردووە.

بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەشڵێت: دوو هۆکاری سەرەکی هەیە لە گرانبوونی نرخی ئاژەڵ، ئەویش کەمبوونەوەی سامانی ئاژەڵە لەساڵانی ڕابردوو، کە وشکەساڵیش کاریگەری هەبووە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتی بە هاوردەکردنی ئاژەڵ لەدەرەوە بەستووە.

هەمزە دەشڵێت: فشارێکی سیاسی بەهێز لەسەر هەرێمی کوردستان هەیە، بۆ نموونە، وڵاتێکی دراوسێی وەک ئێران بەبێ هیچ هۆکارێک سنووری داخستووە و هیچ ڕوونکردنەوەیەکیشی نەداوە کە ئێمە ئاژەڵمان لەوێ دەهێنا، هەروەها لە جۆرجیا و ئەرمینیاش بە ترانزێت لەو رێگایەوە ئاژەڵمان بۆ دەهات کە ئێستا داخراوە.

ڕوونیشی کردەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە وڵاتی تورکیایە، کە ساڵانە ئاژەڵ لە بەڕازیلو مۆڵدۆڤا دەهات لە مێرسین هیچ بڕە پارەیەک لە بەرانبەر ترانزێت وەرنەدەگیرا تەنها پارەی دەروازەکە وەردەگیرا، بەڵام لە سالی نوێوە بۆ یەک سەر ئاژەڵ 160 دۆلار وەردەگرێت.

گوتیشی: ئاژەڵی گەورە لە 95% هاوردەیە بەڵام ئاژەڵی بچوک لە 95% خۆماڵییە.