پرۆژە شکستخواردووەکان زیاتر لە 16 ملیار دۆلار زیانیان بە عێراق گەیاندووە

بەغدا- گۆڕەپانی تەحریر
بەغدا- گۆڕەپانی تەحریر

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی لێژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، زیاتر لە 1600 پرۆژەی شکستخواردوویان لە عێراق تۆمارکردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (17ـی ئاداری 2024) باقر ساعدی جێگری سەرۆکی لێژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، زیاتر لە 1600 پرۆژەی شکستخواردوویان لە عێراق تۆمارکردووە کە ئەو پرۆژانە هۆکاربوون بۆ بەهەدەردانی زیاتر لە 16 ملیار دینار.

جێگری سەرۆکی لێژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەشدا، زۆرینەی ئەو پرۆژانە لە سەردەمی کابینەکەی نووری مالیکییەوە راگیراون.

لەلایەن خۆیەوە، مەحما خەلیل، ئەندامی لێژنەی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوە لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، بەشێکی زۆری ئەو پرۆژە شکستخواردووانە تەمەنیان بۆ 15 ساڵ لەمەوپێش دەگەڕێتەوە و هیچکام لە کابینەکانی پێشووی حکومەت هەنگاویان بۆ دەستپێکردنەوەیان نەگرتووەتەبەر.