ئەعیاد تۆفان: حکومڕانانی عێراق بیریان لە بنیاتنانی وڵات نەکردووەتەوە

ئەعیاد تۆفان، پسپۆڕێکی ئەمنی
ئەعیاد تۆفان، پسپۆڕێکی ئەمنی

K24 – هەولێر:

پسپۆڕێکی ئەمنی رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان ئەزموونێکی سەرکەوتووی هەیە و پێویستە سوودی لێوەربگیرێت، هاوکات لەبارەی گرووپە چەکدارەکانی عێراقەوە دەڵێت: ئەو گرووپانە کۆنترۆڵی بەشێک لە جومگەکانی دەسەڵاتیان کردووە.

ئەعیاد تۆفان، پسپۆڕی ئەمنی، لەمیانەی بەشداریکردنی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، حکومڕانانی عێراق بیریان لە بنیاتنانی دەوڵەت نەکردووەتەوە، سوپای عێراقیان هەڵوشاندووەتەوە، دامەزراوەی سەربازییان لەسەر بنەمای شارەزایی دروست نەکردووە و ئەم بابەتەش رەنگدانەی نەرێنی هەبووە.

ئەو پسپۆڕە ئەمنییە، راشیگەیاند، لە ساڵی 2014 سوپای عێراق رووبەڕووی شکستی زۆر بووەتەوە و نەیتوانی خۆڕاگر بێت ئەمەش بەهۆی گەندەڵییەوە، هەروەها لە دوای 2014ـەوە ئەم گرووپە چەکدارانە دروستبوون کە لاوازی سوپای عێراقیان قۆستەوە و بوونە بەشێک لە دامەزراوەی سەربازی عێراق بە یاسا.

ئەعیاد تۆفان، ئاماژەی بەوەدا، گرووپە چەکدارەکانی عێراق کۆنتڕۆڵی بەشێک لە جوومگەکانی دەوڵەتیان کردووە، بە هیچ شێوەیەک یاسا جێبەجێ ناکەن و خۆیان حوکمڕانی ئەو وڵاتە دەکەن.

ئەو پسپۆڕە ئەمنییە، دەڵێت: ئەگەر هاوکارییەکانی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان بۆ سوپای عێراق نەنێردرابووایە، بە هیچ شێوەیەک ئەو پارێزگایانەی عێراق کە کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی داعش رزگار نەدەکرا.

ئەعیاد تۆفان گوتی: تا ئەو ساتە عێراق پێویستی بە ئەمەریکایە، لەبەر ئەوەی دامەزراوەی سەربازی عێراق لە پاشەکشەدایە.

گوتیشی: نابێت هیچ چەکێک لە دەستی گرووپە چەکدارەکان بمێنێت، چونکە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات و هاووڵاتییان دەکەن کە وادەکات هاووڵاتی زیاتر بکوژرێن، کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق لە رووی ئابووریەوە عێراق تووشی کێشەی گەورە دەکات.

ئەو پسپۆڕە ئەمنییە، باسی لەوەشکرد، دەستووری عێراق پێویستە کۆڵەگەی سەرەکی و زامنی سەرەکی بۆ تەواوی مافەکانی گەلانی عێراق بێت، هەروەها پێویستە سەرۆککۆمار پارێزەر و پاڵپشتی دەستوور بێت، بەڵام بەداخەوە دەسەڵاتدارانی عێراق تەنیا ئەو خاڵانە لە دەستوور جێبەجێ دەکەن کە لە بەرژەوەندی خۆیاندایە.

ئەعیاد تۆفان، لەبارەی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەو هەرێمە ئەزموونێکی پیشکەوتووی هەیە و دەبێت سوودی لێوەربگیرێت.