بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵاتییەکان لە قەدەغەکردنی تیکتۆک نیگەرانن

ئەمەریکا
ئەمەریکا

K24 – واشنتن:

دوای بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ قەدەغەکردنی تیکتۆک، ناڕەزایەتیی بەشێک لە بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەی لە ئەمەریکا بەدوای خۆیدا هێنا و داوا دەکەن قەدەغە نەکرێت. تیکتۆک لەلایەن کۆمپانیای بایت دانسی چینی خاوەندارێتی دەکرێت و ئەمریکاش پێیوایە سیخوڕی بۆ بەرپرسانی چین دەکات.

چیکۆ رۆدریگوێز، بەکارهێنەری تیکتۆک، بە کوردستان24ـی راگەیاند، "بەگشتی من لەگەڵ داخستنی تیکتۆکدا نیم، چونکە هەموو کەسێک مافی را دەربڕینی هەیە، شتێک لەبارەی ئەمەریکا ئەوەیە کە مافی ئازادی و مافی رادەبڕینی بە خەڵک داوە".

هەروەها مایکڵ پێن، هاووڵاتی ئەمەریکا دەڵێت: "تیکتۆکم نییە، کەسێک پێی گوتم کە زانیارییە کەسییەکان بڵاودەکاتەوە بۆیە سڕیمەوە، من زیاتر ئینستاگرام بەکاردەهێنم، بەڵام نازانم تا چەند هەڕەشەیە لەسەر ئاسایشی نیشتمانیمان".

بڕیاری ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بۆ قەدەغەکردنی تیکتۆک دواهەنگاو نییە، ئەنجوومەنی پیرانیش دەبێت تێی پەڕێنێت، تیکتۆک لە ئەمەریکا زیاتر لە 170 ملیۆن بەکارهێنەری هەیە، بۆ ژمارەیەکیان داهاتی رۆژانەیە.

دیان کووپەر، بەکارهێنەری تیکتۆک، بە کوردستان24ـی گوت: "بەدڵنیاییەوە دژی قەدەغەکردنی تیکتۆکم، چونکە دەرفەت بە خەڵک دەدات لە رێگەیەوە پارە بەدەستبێنن، رێکلام بۆ بازرگانییەکانیان بکەن و پارە کۆبکەنەوە، کاتێک تۆ لەو تۆڕە کۆمەڵایەتییە کاریگەری دروستدەکەی، لە سوودی تۆ دەبێت و بەهۆیەوە پارەت دەستدەکەوێت و رێکلام دەکەیت".

دەنگێکی زاڵ لە ئەمەریکا هەیە کە پێیوایە حکومەتی چین لە رێگەی تیکتۆک و کۆمپانیاکانی دیکەی زانیاری کەسیی هاووڵاتیانی ئەمریکا دەدزێت و سیخوڕیان بەسەردا دەکات، بۆیە دەبێت یان دابخرێت یان لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەمەریکییەوە بەڕێوەببرێت، بۆ ئەو مەبەستەش کۆنگرێس شەش مانگی وەک مۆڵەت داوەتە تیکتۆک.