پڕۆژه‌یاسای حیجاب له‌ ئێران سه‌ره‌تای نه‌ورۆز جێبه‌جێ ده‌كرێت

پڕۆژه‌یاسای حیجاب له‌ ئێران سه‌ره‌تای نه‌ورۆز جێبه‌جێ ده‌كرێت
پڕۆژه‌یاسای حیجاب له‌ ئێران سه‌ره‌تای نه‌ورۆز جێبه‌جێ ده‌كرێت

K24 – هەولێر:

بە پێی یاسایەک کە بۆ کۆنترۆڵی حیجابی ژنانی ئێران لە پەرلەمانی ئەم وڵاتە پەسند کراوە، لە سەرەتای نەورۆزەوە هەر ئافرەتێک حیجابی زۆرەملێی حکومەت رەت بکاتەوە و لە شوێنە گشتییەکان بە بێ حیجاب دەرکەوێ، راستەوخۆ بڕی سێ ملیۆن تمەن لە هەژماری بانکییەکەی هەڵدەگیرێ.

سەرئەنجام پاش زیاتر لە ساڵێک تاوتوێکردنی پڕۆژەیاسای حیجاب لە پەرلەمانی ئیران، ئەم پرۆژەیاسایە پەسندکرا و لە سەرەتای نەورۆزەوە جێبەجێ دەکرێت.

بابەک نگەهداری، سەرۆکی ناوەندی توێژینەوەکانی پەرلەمانی ئێران ئاشکرای کردووە، بە پێی ئەم یاسایە، سزای دارایی جێگای رووبەڕووبووونەوەی راستەوخۆی پۆلیسی حیجاب دەگرێتەوە و هەر ئافرەتێک لە شوێنە گشتییەکان بەبێ حیجاب دەرکەوێت راستەوخۆ سێ ملیۆن تمەن لە هەژماری بانکییەکەی هەڵدەگیرێ.

ئەوانەی ئەم یاسایەیان پەسند کردووە دەڵێن، "بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکانی رووبەڕووبوونەوەی پۆلیسی حیجاب لەگەڵ ژنانی بێ حیجاب، لە لایەن دوژمنانی ئێرانەوە کەڵکی خراپی لێ وەردەگیرێ و لە ئاستی نێودەوڵەتیدا لە دژی ئێران بەکاریدەهێنن. هەر بۆیە بڕیاریان داوە بە سزای داراییی قورس ئافرەتان ناچار بکەن خۆیان واز لە بێ حیجابی بهێنن".

لە کاتێکد کە دۆخی ئابووریی ئێران رۆژ بە رۆژ خراپتر دەبێ، سەپاندنی سزای سێ ملیۆن تمەن بۆ هەر جارێک داکەوتنی لەچک لە سەری ئافرەتان و هەڵگرتنی ئەم پارەیە بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە لە هەژماری بانکیی هاووڵاتییان، ناڕەزایەتیی بەربڵاوی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێ کەوتووەتەوە و هاووڵاتییان دەڵێن: ئەمە دزیکردنێکی ئاشکرای حکومەت لە گیرفانی خەڵکە.