عەباس ئەکرەم: هەوڵدەدەین لە داهاتوویەکی نزیکدا راوندێکی دیکەی خوێندنی باڵا رابگەیەنین

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی
عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی

K24 – هەولێر:

ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا کۆبووەوە، کۆمەڵێک بڕیاری گرنگی دەرکرد، لەمبارەیەوە گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا رایدەگەیەنێت، ئەم داشکاندنەی کە بۆ کرێی خوێندن کراوە تەنیا بۆ ئەمساڵە. لەبارەی کردنەوەی راوندێکی دیکەی خوێندنی باڵا، عەباس ئەکرەم، گوتی: هەوڵدەدەین لە داهاتوویەکی نزیکدا راوندێکی دیکەی خوێندنی باڵا رابگەیەنین.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتی دواهەواڵی کاتژمێر 23ـی کوردستان24 رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە زانکۆی سلێمانی بڕیاردرا بە رێژەی 20% داشکاندن لە کرێی خوێدنی (پارالێل و ئێواران) بۆ قوتابییانی خوێندنی (بەکالۆریۆس، دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکاندا بکرێت.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، راشیگەیاند، وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیەوێت ئاسانکاری تەواو بکرێت بۆ قوتابییان، لە ماوەی رابردوودا 45% داشکاندن لە کرێی خوێندن کرابوو،  بەم داشکاندنەی ئەمڕۆش کۆی لێخۆشبوونەکان دەبێتە 65%. گوتیشی: ئەم بڕیارە تەنیا بۆ ئەمساڵە ئامانج لێی رەچاوکردنی باروگوزەرانی هاووڵاتییانە.

عەباس ئەکرەم، ئاماژەی بەوەدا، ساڵانە نزیکەی 70 ملیار دینار بۆ کەسووکاری قوتابییان گەڕاوەتەوە بەهۆی ئەو داشکاندانەی کە لە کرێی خوێندن کراوە.

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵا، دەڵێت: دەستدەکرێتەوە بە ئەنجامدانی ریزبەندی نیشتمانی بۆ زانکۆکانی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ دەستپێکردنەوەی ئەنجامدانی ئەو ریزبەندە ئاستی زانکۆکان دیاریدەکرێت، بە گوێرەی ئەو ئاستانە داشکاندنیان بۆ لە کرێی خوێندن دەکرێت.

عەباس ئەکرەم، لەبارەی کردنەوەی راوندێکی دیکەی خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر و دکتۆرا) گوتی: لیژنەی تایبەت لە وەزارەت سەرقاڵی ئامادەکردنی رێنماییەکان، داوا لە زانکۆکان کراوە کە پلانەکانیان بنێرن بۆ ئەوەی لە داهاتوویەکی نزیکدا راوندێکی دیکە لە خوێندنی باڵا رابگەیەنین، بۆ ئەوەی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان لە ناوخۆ درێژە بە خوێندن بدەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (18ـی ئاداری 2024) ئەنجوومەنی وەزارەتی خوێندنی باڵا لەمیانەی کۆبوونەوەیەکدا بڕیاریدا، بە داشکاندنى 20%ـی لە کرێى خوێندنى بەرایی (پارالێل و ئێواران) و خوێندنی باڵا (دبلۆمی باڵا، ماستەر، دکتۆرا) لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکومییەکانى هەرێمى کوردستان، هەروەها قوتابییانی بۆردی کوردستانی کە بەشێوەى پارالێل وەرگیراون و لە سێ یەکەمەکانن و دانەمەزراون لەکرێی خوێندن دەبەخشرێن.