باشووری ئیسرائیل بۆردومان کرا

K24 – هەولێر

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 18ی ئاداری 2024 لە دەریای سوورەوە هێرش کرایە سەر شاری ئیلاتی باشووری ئیسرائیل، بەڵام گوتەبێژی سوپا دەڵێ "هێرشەکە هیچ زیانێکی نەبووە".

ڕۆژنامەی یەدیعوت ئەحرۆنووتی ئیسرائیل لە زاری گوتەبێژی سوپای وڵاتەکەی بڵاوی کردووەتەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ چاودێری تەنێکی گوماناویان کردووە کە لە دەریای سوورەوە ئاراستەی خاکی ئیسرائیل کرابوو و لە ناوچەیەکی چۆڵەوانیی باکووری شاری ئیلات کەوتووەتە خوارەوە، بەبێ ئەوەی هیچ زیانێکی هەبێت. بەڵام گوتەبێژەکەی سوپای هیچ ڕوونکردنەوەیەکی دەربارەی تەنە گوماناوییەکە نەداوە.

لە دوای 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووەوە شاری ئیلات و بەندەرەکەی کە دەکەونە کەناری دەریای سوور و نزیک کەنداوی عەقەبە، بەردەوام لە لایەن چەکدارە حووسییەکانی یەمەن هێرشیان دەکرێتە سەر، بە تایبەت بەندەری ئیلات لە دوای هێرشی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە بەهۆی ئەو گەمارۆیەی چەکدارە حووسییەکان خستوویانەتە سەر جووڵەی کەشتییە بازرگانییە، چالاکییەکانی بەندەرەکە بە رێژەی %85 کەمی کردووە.