ڕێکخراوی ئۆکسفام: ئیسرائیل بەئەنقەست ڕێگریی لە گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە دەکات

K24 - هەولێر

ڕێکخراوی ناحکوومەتی 'ئۆکسفام' لە ڕاپۆرتێکدا ئیسرائیلی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "بە ئەنقەست" ڕێگریی لە چوونە ژوورەوەی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ غەززە کردووە، لەوانە خۆراک و کەرەستەی پزیشکی، ئەمەش پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە.

ڕێکخراوی ئۆکسفام لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە، "سەرەڕای بەرپرسیارێتیی خۆی وەک هێزی داگیرکەر، پراکتیک و بڕیارەکانی ئیسرائیل بەردەوامن لە بەربەست و ڕێگریی لە هەر هاوکارییەکی مرۆیی نێودەوڵەتی بۆ کەرتی غەززە بە شێوەیەکی ئەنقەست".

ئەو ڕێکخراوە ناحکومییە پرۆتۆکۆڵەکانی پشکنینی هاوکارییەکانی ئیدانە کرد، کە دەبێتە هۆی دواکەوتنی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ ماوەی 20 ڕۆژ، هەروەها "هێرشەکانی بۆ سەر کرێکارانی کاروانی هاوکارییە مرۆییەکانی ئیدانە کرد".

هەروەها هەندێک ئامێری پێویست بۆ کاری کارمەندەکانی، وەک ئامێری پەیوەندیکردن یان پاراستن، یان مووەلیدەی کارەبایی بۆ بەڕێوەبردنی فەرمانگەکانی، سنووردارکردنیان لەسەرە.

هەروەها ئەو ڕێکخراوە ناحکوومەتییە ئاماژەی بەوە کردووە کە دەستڕاگەیشتنی کرێکارانی مرۆیی بە باکووری کەرتی غەززە سنووردار کراوە.

بەگوێرەی ئەو ڕێکخراوە، ئێستا بەراورد بە پێش 7ـی ئۆکتۆبەر، "تەنها 20%ی ئەو هاوکارییە ڕۆژانەیە" دەگاتە ناو کەرتی غەززە.

کۆمپانیای ئۆکسفام ڕایگەیاندووە، "ئەو بارودۆخەی لە غەززە بینیمان خراپترە لە کارەسات"، لە کاتێکدا کە کەرتی غەززە لە لێواری برسێتیدایە.