ئیسرائیل ئامادەکاریی بۆ هێرشکردنە سەر ڕه‌فه‌ح دەکات

دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی رەفەح (وێنە: AP)
دیمەنێکی باڵەخانە وێرانبووەکانی رەفەح (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

نزیکەی ملیۆن و نیوێک فەڵەستینی لە شاری ڕەفەحی باشووری کەرتی غەززە  چاوەڕێی کۆتاییهاتنی شەڕن، بەڵام سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بەم دواییانە بڕیاری دا هێرشی زەمینی بکرێتە سەر ئەو شارە و ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش دەڵێت، هێرشکردنە سەر ڕەفەح کارەساتە مرۆییەکە گەورەتر دەکات.

164 ڕۆژە شەڕ لە کەرتی غەززە بەردەوامە، دوای ئەوەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل پلانی هێرشی زەمینی بۆ سەر شاری ڕەفەح پەسند کرد، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نیگەرانی بەدوای خۆیدا هێنا.

سەرۆکی زۆرینەی دیموکراتەکان لە سیناتی ئەمەریکا داوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە ئیسرائیل کرد، بەڵام  بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت، هێرش دەکەنە سەر ڕەفەح تا چەکدارانی حەماس لەناو ببەن، بەڵام کار بۆ ڕزگارکردنی خەڵكی سڤیلیش دەکەن.

ناتانیاهۆ ئاماژە بەوە دەدات: "ئامانجمان لەناوبردنی ئەو بەتالیۆنە تیرۆرستانەیە لە ڕەفەح ماون و هاوکات کارئاسانیش دەکرێت بۆ خەڵکی سڤیل تا ڕەفەح جێبهێڵن. ئەم کارە ناکەین لە کاتێکدا دانیشتووانەکەی لەو شوێنە گیر بخۆین. ئەگەر ڕێککەوتنیکی ئاشتی بۆ ئێمە پێشنیاز بکرێت یان ڕێگەچارەیەک بۆ ئاشتی کە ئیسرائیل لاواز بکات و نەتوانێت بەرگری لەخۆی بکات و دراوسێکانیشمان لە ئامانجی رووخاندنی دەوڵەتی جووەکان بەردەوام بن، ئەوکات ئاشتی بەرەو دواوە دەبەین نەک پێشەوە. ئێمەش دەمانەوێت ئاشتی بەرەو پێشەوە ببەین".

بەم دواییانە حەماس ژمارەیەک پێشنیازی بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە کەرتی غەززە خستووەتە ڕوو، بڕیارە شاندی ئیسرائیل لە دەوحە بەشداریی لەو دانووستانە بکات، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە سەردانێکیدا بۆ ئیسرائیل گوتی، پێویستە ئیسرائیل لەگەڵ حەماس لە بارەی ئاگربەستێکی درێژخایەن بگاتە ڕێککەوتنێک.

سەرۆکی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش رایگەیاند: نابێت ڕێگە بدرێت ئەو کارەساتە مرۆییە خراپتر بێت و داواشی لە ئیسرائیل کرد لە پێناو مرۆڤایەتی پلانی هێرشکردنە سەر ڕەفەح جێەجێ نەکات، کە ڕووبەرەکەی تەنیا 64 کیلۆمەتر دووجایە و ئێستا نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کەس لەو شارەدان.

لە حەوتی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە تا ئێستا؛ نزیکەی 32 هەزار فەڵەستینی کوژراون و نزیکەی 74 هەزار کەسی دیکەش برینداربوونە.