یۆناما ساڵێکی دیکەش لە ئەفغانستان دەمێنێتەوە

K24 - هەولێر

تاڵیبان پێشوازیی لە بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش کرد بۆ درێژکردنەوەی ئەرکی نوێنەرایەتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاری لە ئەفغانستان (یۆناما) بۆ ماوەی ساڵێکی دیکە، بەو هیوایەی کە ئەمە ببێتە هۆی بوژانەوەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.

ئەنجومەنی ئاسایش بە کۆی دەنگ، دەنگی بە درێژکردنەوەی ماوەی ئەرکی یوناما دا لە ئەفغانستان تا 17ـی ئاداری 2025، ئاماژەیان بەوەشدا، گرنگیی ڕۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت بۆ ئاشتی و سەقامگیری لە ئەفغانستان.

گوتەبێژی حکومەتی تاڵیبان، زەبیحوڵڵا موجاهید، لە لێدوانێکدا ئاماژەی بەوەدا: "وڵاتەکەمان پێویستی بە پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەیە، یونامیش دەتوانێت ئەو جۆرە پەیوەندییانە بەهێز بکات"، هەروەها فشارە نادادپەروەرەکانی سەر ئەفغانستانیشی ئیدانە کرد و داوای ئازاد کردنی ملیاران دۆلاری سەروەت و سامانی وڵاتەکەشی کرد کە بلۆک کراوە.

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایشی ئاگادار کردبووەوە کە "سەرەڕای ئاستەنگەکان، هێشتا ئاسۆی ئەوە هەیە تاوەکو ئەوەی ئەفغانستان بتوانێت گەشەی ئابووری بەدەست بهێنێت، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی پشتبەستنی بە یارمەتیی بیانییەکان".

ڕێکخەری تایبەتیی بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی ئەفغانستان، فەرەیدون سینیرلی ئۆغڵو، ستایشی "کۆدەنگی"ی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی کرد سەبارەت بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم وڵاتە کێشەدارە.

گۆتێرێس ڕوونیکردەوە کە "سەرەڕای کەمبوونەوەی سەرچاوە داراییەکان و ئەولەویەتەکانی کێبڕکێ، پێویستیی بە یارمەتی دارایی زیادی کردووە بۆ پشتگیریکردنی خەڵکی ئەفغانستان کە ڕووبەڕووی بوومەلەرزە و گەڕانەوەی ئەفغانەکان لە پاکستان و وشکەساڵیی بەردەوام دەبنەوە".

ئاماژەی بەوەشکرد: "نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پێشکەشکردنی هاوکارییە مرۆییە گرنگەکان بۆ کۆمەڵگە لاوازەکان لە ئەفغانستان، داوای لە بەخشەرەکان کرد بەپەلە پشتگیری خۆیان بۆ ئەو 23.7 ملیۆن کەسە نوێیە بکەنەوە کە پێویستیان بە ڕزگارکردنی ژیانیان هەیە".