درامایەکی عێراقی کە لەلایەن حزبی بەعسەوە قەدەغە کرابوو، جارێکی دیکە ڕاگیرا

K24 - هەولێر

دوای 27 ساڵ لە بۆ یەکەمجار نمایشکردنی، زنجیرە درامای "جیهانی ست وەهیبە" کە باس لە چیرۆکی هەژاری و ئاژەوەگێڕان دەکات لە ژێر سزا نێودەوڵەتییەکاندا و پێشتر لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە قەدەغە کرابوو، دەگەڕێتەوە سەر شاشە. 

دەرهێنەری بەرهەمەکە، سامر حیکمەت، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، "زنجیرەکە باس لەو پرسانە دەکات کە ئێستە لە کۆمەڵگەدا ڕوودەدەن و ڕەنگدانەوەی دەرئەنجامی شەڕەکانن".

شەڕەکان بۆ دەیان ساڵ کاریگەرییان لەسەر ژیانی عێراقییەکان هەبووە، هەر لە شەڕی عێراق و ئێران لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە تا دەگاتە هێرشەکانی سەدام حوسێن بۆ سەر کوێت لە ساڵی 1990 و گەمارۆ ئابوورییەکان کە هەژارییەکی فراوانی بڵاوکردەوە.

ڕەخنەگری هونەری، مەهدی عەباس ڕایگەیاند، "زنجیرەکانی ئەمساڵ بە بابەتی خۆیان جیا دەکرێنەوە، بەو پێیەی زۆربەیان سەرنجیان لەسەر بابەتەکانی کۆمەڵایەتی و کێشە جددییەکانی بەردەم کۆمەڵگایە"، وەک بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان، بێکاری، جیابوونەوە و سپیکردنەوەی پارە.

بەڕێوەبەری بەشی دووەمی زنجیرە درامای "جیهانی ست وەهیبە" پێی وایە شەڕ و ململانێکان "چینێکی زەرەرمەند و چینێکی سوودمەندی بەرهەم هێناوە کە سوودیان لەو ئاژاوەگێڕییە وەرگرتووە"، هەروەها باس لە بڵاوبوونەوەی بازرگانی ماددەی هۆشبەر و قۆستنەوەی گەنجان بۆ ئەوەی ببنە قوربانی ئەو ڕێگە تاریکە.

بەشی یەکەمی زنجیرەکە کە لە ساڵی 1997 نمایشکرا، بەشێوەیەکی بەرفراوان لای عێراقییەکان جێی بایەخ بوو، بەو پێیەی دەستی خستە سەر ئازارە ئابوورییەکانی ژێر سزا نێودەوڵەتییەکان و ئەو قەیرانە کۆمەڵایەتییانەی لە ئەنجامی هەژارییەوە سەرهەڵدەدەن، ڕووداوەکە باس لە وەهیبە دەکات کە پەرستارێکە و یارمەتی دراوسێکانی دەدات.

ئەو دەم، زنجیرەکە تەنها دوای  17 خولەک لە نمایش قەدەغە کرا، چونکە ڕژێمی سەدام حوسێن لەو کاتەدا ترسی ئەوەی هەبوو توڕەیی ئەو کەسانەی لە هەژاریدا دەژین بوروژێنێت، بەڵام زنجیرەکە دوای ساڵێک نمایشکرا دوای ئەوەی خەڵاتێکی لە فێستیڤاڵی فیلمی قاهیرە بەدەست هێنا.

ئەمڕۆ دووشەممە، دەسەڵاتی دادوەریی عێراق فەرمانی دەرکرد بۆ ڕاگرتنی بەشی دووەمی زنجیرە درامای "جیهانی ست وەهیبە"، کە لە کەناڵێکی عێراقی پەخش دەکرا.

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق ڕایگەیاند، "فەرمانی ڕاگرتنی پەخشی زنجیرە درامای (جیهانی ست وەهیبە) لەسەر بنەمای داوایەکی یاسایی هات کە پێش نمایشکردنی، لەلایەن نووسەری بەشی یەکەم، سەباح عەتووان، تۆمار کرابوو.

سیناریست سەباح عەتووان پێشتر ڕایگەیاندبوو، بەهۆی کێشە لە دەستکاریکردنی سیناریۆکەدا، سکاڵا لەسەر بەرهەمهێنەری بەشی دووەمی زنجیرە دراماکە تۆمار دەکات.

جێگای سەرنجە کە دیوانی وەقفی شیعە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕایگەیاند، کە ڕێوشوێنی دەستووری و یاسایی گرتووەتە بەر دژ بە سوکایەتیکردن بە هێما ئاینییەکان لە دراماکاندا، ئەمەش دوای ئەوەی پەرلەمان داوا کرد زنجیرە درامای عێراقی بە ناوی "جیهانی ست وەهیبە" ڕابگیرێت.

نوێنەرانی پەرلەمان دەڵێن، لە زنجیرەکەدا هێما ئاینییەکان بە ئەنقەست بەخراپ بەکارهێنراوە، بەوەی کە هەڵبژاردنی کارەکتەری (مەهیدی ئەبو صالح) تێیدا ئاماژەیەکی ڕوونە کە سووکایەتی بە ئەنقەست بە شێوەی فڕولاتاو بۆ کارەکتەری ئیمام مەهدی کە (ئیمامی دوانزەهەم)ـە لای شیعەکان بەکار هێنراوە.