سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد) دەکات

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ دووشەممە 3/18 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە کریستیان ریتچەر، ڕاوێژکاری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتیی لە تاوانەکانی داعش (یونیتاد UNITAD) کرد بەبۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.

سەرۆکی تیمی یونیتاد، سوپاس و پێزانینی خۆی و تیمەکەی بۆ هەماهەنگیی و هاوکاریکردنی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی یونیتاد دەربڕی لە سەرخستنی کارەکانی تیمەکە لەبواری کۆکردنەوە و ئەرشیڤکردن و بەدیجیتەڵکردنی بەڵگەکانی تاوانەکانی تیرۆریستانی داعش و کارکردن بۆ دادگاییکردنیان لەسەر تاوانەکانیان.

سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی پاراستنی مافی قوربانییانی دەستی تیرۆریستانی دەستی داعش و قەرەبووکردنەوەیان و بەردەوامبوونی پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش کردەوە.

سەرۆکی حکومەت هەروەها دووپاتی کردەوە کە پێویستە تاوانبارانی داعش، لەسەر تاوانەکانیان کە تاوانی کۆمەڵکوژی و تاوانی جەنگ و تاوانی دژە مرۆڤایەتیین دادگایی بکرێن و بۆ ئەم مەبەستەش ، حکومەتی هەرێمی کوردستان ، بەردەوام دەبێت لە درێژەدان بە هاریکاری و هەماهەنگیکردن لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.