ئانۆ جه‌وهه‌ر: هێزه‌ كریستییانه‌كان‌ پشتگیری له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارتی ده‌كه‌ن

ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 - هەولێر:

وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیدا په‌یامی ئازادیی به‌ هه‌موو دنیا گه‌یاند، كه‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی ناده‌ستووری و نایاسایی و ناشه‌رعییه‌ و سیسته‌مێكه‌ ره‌وایه‌تی نییه‌. ده‌شڵێت، هێزه‌ كریستییانه‌كان‌ راگه‌یه‌ندراوێكی پشتگیری له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارتی ده‌رده‌كه‌ن.

ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه‌ 18ـی ئاداری 2024) ئانۆ جه‌وهه‌ر، وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانی رێكخستن و ئاماده‌كردنی خوانێكی به‌ربانگكردنه‌وه‌ی مانگی ره‌مه‌زانی بۆ فه‌رمانبه‌ران و كارمه‌ندانی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی تایبه‌ت به‌ كوردستان24 رایگه‌یاند، موسڵمانان، ئێزدییه‌كان، كاكه‌یی و مه‌سیحییه‌كان به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی پێكه‌وه‌ژیان ئێواره‌به‌ربانگێكیان ئاماده‌ كردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌مووان هه‌ست به‌ پته‌وی و برایه‌تی نێوانیان بكه‌ن و ره‌گ و ریشه‌ی برایه‌تی و ته‌بایی و پێكه‌وه‌ژیان به‌هێزتر بكه‌ن.

وه‌زیری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندنی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، كوردستان نیشتمانی هه‌مووانه‌ و به‌یه‌كه‌وه‌ به‌هێزتری ده‌كه‌ن.

سه‌باره‌ت به‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی پارتی دیموكراتی كوردستانیش رایگه‌یاند، پارتی له‌و راگه‌یه‌ندراوه‌دا په‌یامی ئازادیی به‌ هه‌موو دنیا گه‌یاند، كه‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای فیدڕاڵی ناده‌ستووری و نایاسایی و ناشه‌رعییه‌ و سیسته‌مێكه‌ ره‌وایه‌تی نییه‌.

ئانۆ جه‌وهه‌ر روونیشیكرده‌وه‌، هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك به‌و یاسایه‌ بكرێت، هه‌ڵبژاردنێكی ناده‌ستووری و نادادپه‌روه‌رانه‌یه‌، له‌م چوارچێوه‌یه‌دا پارتی دیموكراتی كوردستان به‌م راگه‌یه‌ندراوه‌ی پێكه‌وه‌ژیانی كوردستان و شكۆی دامه‌زراوه‌ دیموكراسییه‌كان و ئازادیی و مافی پێكهاته‌كانی پاراست.

سه‌رنجی بۆ ئه‌وه‌ش راكێشا، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ هێزه‌ كریستییانه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی حامورابی و هاوپه‌یمانی یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی و ده‌سته‌ی باڵای سیاسی كلدانی راگه‌یه‌ندراوێكی پشتگیری له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارتی ده‌رده‌كه‌ن.

ئەمڕۆ دووشەممە، 18-03-2024، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکە بڵاوکردەوە.

مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خالەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پڕۆسەی سیاسی دا".

مەكتەبی سیاسی پارتی ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە سۆنگەی تێگەیشتنمان لە پێگە و بەرپرسیارێتی مێژووییمان لە پاراستنی مافە ڕەواكانی گەلی كوردستان و سیستەمی دیموكراسی و فيدراڵی عێراق، هەروەها ڕەوایی نەدان بە هەڵبژاردنێكی نا دەستووری و نا دیموكراسی، و وەستانەوە لە بەرامبەر سەرجەم ئەو پێشێلکاریانەی دەستوور کە لەلایەن دادگای باڵای فیدراڵییەوە بەرامبەر هەرێمی کوردستان و دامەزراوە دەستورییەکانی ئەنجام دەدرێت بەگشتی، و سەپاندنی هەموارە نادەستوریەكانی یاسای هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەتایبەتی، بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێر باری پەسەندکردنی بریاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوەبچێت".