پارتی: لایەنەکانی هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له‌ جێبه‌جێنه‌كردنی ده‌ستوور و کارنامەی کابینەکەی سوودانی به‌رپرسیارن

K24 – هەولێر:

پارتی دیموكراتی كوردستان هه‌ڵوێستی كۆتایی خۆی له‌باره‌ی بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر و به‌غدا راگه‌یا‌ند و ئاماژەی بەوەکردووە: لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور.

رۆژی دووشەممە (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و هۆشداری كشانه‌وه‌ی له‌ پرۆسه‌ی سیاسی له ‌عێراق ده‌دات و بەڕپرسیارێتی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و تەواوی خاڵەکانی رێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەمەد شیاع سوودانی، دەخاتە ئەستۆی لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت و جەختیکردووەتەوە: "بەپێچەوانەشەوە ناتوانین بەردەوام بین لە پرۆسەی سیاسی دا".

دوای پێكهێنانی حكومه‌تی نوێی عێراق به ‌سه‌رۆكایه‌تی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، به‌هۆی كه‌ڵه‌كه‌بوونی كێشه‌كان و ململانیی سیاسییه‌وه‌ نه‌تواندراوه‌ رێككه‌وتننامه‌ی هاوپه‌یمانی ئیدارەی ده‌وڵه‌ت كه‌ داخوازی كورد و سووننه‌ی له‌خۆگرتبوو، وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ به‌شێك له‌ كارنامه‌كه‌ی سوودانی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ كورده‌وه‌ هه‌بوو، ماوه‌ی مانگێك تاوەكو شه‌ش مانگی بۆ دانرابوو بۆ جێبه‌جێكردنی، كه‌چی تائێستا رێككه‌وتنه‌كان له‌لایه‌ن هێزه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگییه‌وه‌ جێبه‌جێ نه‌كراون.

محه‌ممه‌د شیاع سوودانی له‌كاتی متمانه‌وه‌رگرتنی په‌رله‌مان و خوێندنه‌وه‌ی كارنامه‌ی حكومه‌ته‌كه‌یدا، به‌ڵێنیدا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌ستووری عێراق كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا چاره‌سه‌ر بكات و بۆ به‌شێكیان له‌ مانگێك تاوه‌كو شه‌ش مانگی بۆ دیاریكرد، كه‌ گرنگترینیان ده‌ركردنی پڕۆژه‌یاسای نه‌وت و گاز، جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و مووچه‌ و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستانی له‌خۆگرتووه‌. به‌ڵام به‌هۆی رێگری لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانه‌وه‌ نه‌تواندراوه‌ داواكارییه‌كانی گه‌لی كوردستان وه‌ك خۆی جێبه‌جێ بكرێت.

لایه‌نه‌كانی پێكهێنه‌ری حكومه‌تی نوێی عێراق بریتی بوون له‌ هێزه‌كانی ناو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی دیارترینیان هاوپه‌یمانی ده‌وڵه‌تی یاسا، هاوپه‌یمانی فه‌تح و هاوپه‌یمانی نه‌سر بوون. كورد هێزێكی گه‌وره‌ و لایه‌نێكی دیاری پێكهێنه‌ری ئه‌م حكومه‌ته‌ هه‌بوو كه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌ كۆمه‌ڵێك داواكاری به‌شدارییان تێداكرد. هێزه‌ سوونییه‌كانیش كه‌ پێكهاتبوون له‌ هاوپه‌یمانی عه‌زم، هاوپه‌یمانی سیاده‌ و هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دووم به‌چه‌ندین داواكاری په‌یوه‌ست به‌ دۆخی ناوچه‌ سوونییه‌كان به‌شدار بوون.

گرنگترین داواكارییه‌كانی كورد له‌ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی محەممه‌د شیاع سوودانی خۆی له‌ كۆمه‌ڵێك خاڵ و بڕگه‌دا ده‌بینێته‌وه‌ و له‌ هاوپه‌یمانی به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌تدا گشت هێزه‌ به‌شداربووه‌كان واژۆیان له‌سه‌ر كردووه‌، له‌م خاڵانه‌ پێكهاتوون:

ئه‌و بڕیارانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی ده‌ربكرێن

گفتوگۆكردن له‌سه‌ر دۆسیه‌ی نه‌وت و بودجه

ده‌ركردنی پرۆژه‌ یاسای نه‌وت و گاز له‌ شه‌ش مانگدا

خه‌رجكردنی شایسته‌ داراییه‌كانی هاووڵاتیان له‌ لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140

كاراكردنه‌وه‌ی لیژنه‌یه‌كی باڵای جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 له‌ماوه‌ی مانگێكدا

پێكهێنانی فه‌وجی فریاكه‌وتن له‌ دانیشتوانی كه‌ركووك

هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك له‌ماوه‌ی ساڵێكدا

جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتننامه‌ی شنگال

پڕكردنه‌وه‌ی بۆشای‌ ئه‌منی نێوان هێزی پێشمه‌رگه‌ و سوپای عێراق

ده‌رچوواندنی پرۆژه‌یاسای دادگای فیدراڵی له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا

ده‌رچوواندنی پرۆژه‌یاسای ئه‌نجومه‌نی فیدراڵی له‌ماوه‌ی شه‌ش مانگدا

گواستنه‌وه‌ی راژه‌ی مامۆستایانی خوێندنی كوردی بۆ سه‌ر حكومه‌تی فیدراڵ

ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی چالاكی سیاسی حزبه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ناوچه‌ ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان