رێکخراوی تەندروستیی جیهانی بهرامبهر به ئۆپهراسیۆنی سوپای ئیسرائیل بۆ سهر کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا لە غەززە نیگهرانه
K24 - هەولێر:
رێکخراوی تەندروستیی جیهانی نیگهرانی خۆی بهرامبهر به ئۆپهراسیۆنی سوپای ئیسرائیل بۆ سهر کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا لە غەززە دهردهبڕێت و هۆشداری دهدات شهڕ گیان و ژیانی کارمەندانی تەندروستی و نەخۆش و هاووڵاتیانی مەدەنی بخاته مهترسییهوه.
ئهمڕۆ (دووشهممه 18ـی ئاداری 2024) تیدرۆس ئەدهانۆم، بەڕێوەبەری گشتیی رێکخراوی تەندروستی جیهانی نیگەرانی خۆی دەربڕی دوای ئەوەی هێزەکانی ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییان لە کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا لە غەززە دەستپێکرد و هۆشداریدا لەوەی شەڕ "کارمەندانی تەندروستی و نەخۆش و هاووڵاتییانی مەدەنی دەخاتە مەترسییەوە".
تیدرۆس ئەدهانۆم لە تۆڕی/ئێكس" رایگەیاند "ئێمە بە قووڵی نیگەرانین لە دۆخی نەخۆشخانەی شیفا لە باکووری غەززە". گوتیشی، نابێت نەخۆشخانەکان ببنە بەرەکانی شەڕ.
سەرچاوە فەڵەستینییەکان بڵاویان کردووەتەوە، دەوروبەری کۆمەڵگەی پزیشکی شیفا لە شاری غەززە لە بەرەبەیانی ئهمڕۆ دووشەممەوە رووبهڕووی بۆردومان بووە، هاوکات سوپای ئیسرائیل بەردەوامی ئۆپەراسیۆنی خۆی لە گەورەترین نەخۆشخانەکانی کەرتی غەززە راگەیاندووە .
لەدوای سەرهەڵدانی شەڕی بزووتنەوەی حهماس و سوپای ئیسرائیل ئەمە دووەم جارە، کە سوپای ئیسرائیل ئۆپەراسیۆنێک لەم نەخۆشخانەیە ئەنجام دەدات. ئیسرائیل پێشتر حهماسی بە بەکارهێنانی دامەزراوە پزیشکییەکان وەک قهڵغانێك بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی تۆمەتبار کرابوو.
رۆژی (7ـی ئۆکتۆبەری 2023)، بزووتنەوەی حەماس هێرشیکردە سەر ئیسرائیل و بۆ چەند رۆژێکیش بە مووشەک ناوچەکانی ئیسرائیلی بۆردومانکرد کە بەهۆیەوە زیاتر لە هەزار و 400 کەس کوژران و زیاتر لە 240 کەسیش بە بارمتە دەستگیرکرد کە تاوەكو ئێستا زیاتر لە 100 بارمتەیان ئازادکراون.