بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە سبەی لە 10 پارێزگای عێراق کرایە پشوو

بارانبارین لە عێراق
بارانبارین لە عێراق

K24 – هەولێر:

بەهۆی ئەو شەپۆڵە بارانبارینە بەخوڕەی کە چاوەڕێ دەکرێت ناوچەکانی عێراق و  هەرێمی کوردستان بگرێتەوە، سبەی لە ناوەندەکانی خوێندن و دامودەزگا حکومییەکانی 10 پارێزگای عێراق کرایە پشوو.

سبەی سێشەممە (18ـی ئاداری 2024) لە کەرکووک، ئەنبار، نەجەف، موسەننا، بابل، سەڵاحەددین، دیالە، زیقار، واست، دیوانییە و پەروەردەکانی کەرخ و رەسافە پشووە و دەوام نییە بەهۆی خراپی کەشوهەواوە.

هاوکات لەو پارێزگایانە بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانی لافاو، سەرجەم فەرمانگە خزمەتگوزاری و لایەنە پەیوەندیدارەکان خراونەتە ئامادەباشییەوە.

پێشتریش فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، بەپێی زانیارییەكانی ژووری ئۆپراسیۆن بۆ بەڕێوەبردنی قەیران و كارەسات و بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی هەرێم، شەپۆلێكی بارانبارین و هەورەتریشقەی بەهێز لە درەنگانی ئەمشەو دووشەممە و سبەی سێشەممە، تەواوی كوردستان دەگرێتەوە، زۆرترین بڕی بارانبارینیش لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین دەبێت، بەوەش ئەگەری هەستانی لافاو هەیە.