ئینتیفاز قەنبەر بۆ كوردستان24: ته‌واوی بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی‌ ناده‌ستووریین

K24 – هەولێر:

سەرۆکی لیژنەی پاراستنی کورد لە واشنتن، له‌باره‌ی كاریگه‌رییه‌كانی كشانه‌وه‌ی پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، پێشوازی له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی پارتی ده‌كه‌م. هاوكات گوتیشی: پێویسته‌ گه‌لی كوردستان به‌رگری له‌ مافه‌ فێدراڵییه‌كانی خۆیان بكه‌ن. گوتیشی: "ته‌واوی بڕیاره‌كانی دادگای فیدراڵی‌ ناده‌ستووریین".

ئینتیفاز قەنبەر سەرۆکی لیژنەی پاراستنی کورد لە واشنتن، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، فیدراڵێزم له‌ عێراق له‌ دۆخێكی زۆر خراپدایه‌، دادگای فیدراڵی ناده‌ستوورییه‌، چونكه‌ له‌ په‌رله‌مان هه‌ڵنه‌بژێردراوه و ده‌نگیشی پێ نه‌دراوه‌‌، كه‌وایه‌ ته‌واوی بڕیاره‌كانی ئه‌م دادگایه‌ ناده‌ستووریین.

قه‌نبه‌ر هه‌روه‌ها گوتیشی: "ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه‌ی دادوه‌ر عه‌بدولڕه‌حمان زێباری بڕیارێكی رێزلێگیراوه‌، له‌كاتی خۆیدا بوو و ئاشكرایكرد كه‌ ئه‌م دادگایه‌ چه‌نده‌ ناده‌ستوورییه‌".

ده‌شڵێت: "ئه‌ركی دادگای فیدراڵی پاراستنی ده‌ستووره‌، به‌داخه‌وه‌ ئه‌و دادگایه‌ كارده‌كات بۆ دڵخۆشكردنی ئێران، رێگه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور ده‌گرێت و به‌ سیاسی كراوه‌".

ئاشكراشیكرد، برسیكردنی گه‌لی كوردستان و بڕینی مووچه‌ و بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان، پێشێلی ده‌ستووره‌.

ئینتیفاز قه‌نبه‌ر دووپاتیكرده‌وه‌، هه‌موو حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌ دوا یه‌كه‌كانی عێراق به‌ هاوكاری و پشتیوانی سه‌رۆك بارزانی پێكهێندراون.

مەکتەبی سیاسیی پارتی ئه‌مڕۆ له‌میانه‌ی راگه‌یه‌ندراوێكدا رایگه‌یاند، بەشداریی هەڵبژاردنێک ناکەین کە بە نایاسایی و نادەستووری بەڕێوە بچێت.

دوای بەیاننامەکەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و راگەیاندنی هەڵوێستی فەرمی لەبارەی پێشێلکارییە بەردەوامەکانی دادگای فیدراڵی لە دژی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەچێتە قۆناغێکی نوێ و هۆکارەکانیش بۆ کوردستانیان و عێراقییەکانیش روونە.