هەڵوێستی ئەمەریکا و یونامی لەبارەی بڕیارەکەی پارتی بۆ بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن

ئاڵای یونامی و ئاڵای ئەمەریکا
ئاڵای یونامی و ئاڵای ئەمەریکا

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق و یونامی نیگەرانیی خۆیان لە بڕیارەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەربڕی و داوای چارەکردنی کێشەکان دەکەن و جەخت لە پاراستنی مافی دەنگدان بۆ هەموو هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەکەنەوە.

رۆژی دووشەممە (18ـی ئاداری 2024) ئەلینا رۆمانۆوسکی، باڵیۆزی ئەمه‌ریكا لە عێراق ڕایگەیاند: هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان پێویستە دەنگیان هەبێت لە بڕیاردان لەسەر داهاتوویان.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە: داوا لە حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکەین دڵنیایی بدەن کە هەڵبژاردنەکان ئازاد و دادپەروەر و ڕوون و متمانەپێکراو دەبن".

هاوکات نێردەی تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق (یونامی) لە پەیامێکدا لەبارەی هەڵوێستەکەی پارتی ڕایگەیاند:  داوا لە سەرجەم لایەنەکان دەکەین لە بەرژەوەندیی خەڵک کار بکەن لەپێناو گەیشتن بە چارە، نەک چەقبەستووییەکی دیکەی درێژخایەن.

رۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: "لایەنەکانی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت دەخەینە بەردەم بەڕپرسیارێتیی نیشتمانی لە جێبەجێنەکردنی دەستوور و سەرجەم خاڵەکانی ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداریی پێکهێنانی کابینەی ئێستای حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شییاع سوودانی، بەپێچەوانەشەوە ناتوانین لە پرۆسەی سیاسیدا بەردەوام بین ".

سەبارەت بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە، مەکتەبی سیاسیی پارتی ڕایگەیاندووە: "بە بەرژەوەندی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووریی و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداری هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستوری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".