بلینکن بۆ پرسی ئاگربەست لە غەززە دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (وێنە: AP)
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا (وێنە: AP)

K24 - هەولێر

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕایگەیاند، ڕۆژی چوارشەممە (20ی ئاداری 2024) ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بۆ تاوتوێکردنی هەوڵەکانی ئاگربەست لە کەرتی غەززە و زیادکردنی گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان خەڵکی فەڵەستین دەگەڕێتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ماتیۆ میلەر کە بە سەردانێک لە فلپینە، ڕایگەیاندووە بلینکن سبەی چوارشەممە دەچێتە سعوودیە و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە دەربارەی ئاگربەستی شەڕی سوپای ئیسرائیل و چەکدارانی حەماس گفتوگۆ دەکات.

هەروەها ئاماژەی داوە، لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ڕاگرتنی شەڕ لە غەززە، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی پێنجشەممە دەچێتە قاهیرە و لەگەڵ بەرپرسانی میسر درێژە بە گفتووگۆکانی ئاگربەست و ئاشتی دەدات.

ماتیۆ میلەر گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گووتیشی: پرسی هاوکارییە مرۆییەکان و کەناڵەکانی گەیاندنی هاوکارییەکان بە دانیشتوانی کەرتی غەززە تەوەرێکی دیکەی گفتووگۆکانی بلینکن دەبێت لەگەڵ بەرپرسانی سعوودیە و میسر.

لە دوای ڕووداوەکانی 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردووەوە، ئەمە شەشەمین گەشتی ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکایە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئاگربەست لە نێوان چەکدارانی حەماس و سوپای ئیسرائیل.