فیدان: هیچ هەوڵێک نییە بۆ چارەی ململانێکانی نێوان ئۆکرانیا و رووسیا

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا
هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا

K24 - هەولێر

وەزیری دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ئەمساڵ هیچ هەوڵێک نابینین بۆ چارەکردنی ململانێکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا.

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی cnn تورکی رایگەیاند، هیچ هەوڵێک لە ساڵی 2024دا نییە، بۆ چارەکردنی کێشەو ململانێکانی نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا هەروەها لە داهاتوویەکی نزیکیشدا ئەو هەوڵە نابینرێت.

دوێنێ دووشەممە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ڤلادیمێر پوتن، ئامادەیی ئەنقەرەی ڕاگەیاند، بۆ ئەوەی هەر ڕۆڵێک بگێڕێت کە بتوانێت ئاسانکاری بکات بۆ گەڕانەوەی سەر مێزی دانوستان لەگەڵ ئۆکرانیا.

ڕووسیا بەردەوام ئامادەیی خۆی بۆ دانوستان و چارەی قەیرانی ئۆکرانیا دووپاتکردووەتەوە، بە لەبەرچاوگرتنی "واقیعی" نوێ لەسەر زەوی. بەڵام کیێڤ ڕەتی دەکاتەوە دانوستان بکات و پێداگری لەسەر بژاردەی سەربازیی دەکات بە پشتیوانیی وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەمەش زیانی زۆری لە ژیان و گوزەرانی خەڵکی گەیاندووە، لەکاتێکدا پێشڕەوی سوپای ڕووسیا بەردەوامە.

لە 24ی شوباتدا ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتی سەربازی لە ئۆکرانیا دەستی پێکرد، ڤلادیمێر پوتن ڕایگەیاند، بە ئامانجی "پاراستنی ئەو دانیشتووانەی کە ماوەی هەشت ساڵە لەلایەن ڕژێمی کیێڤەوە گێچەڵیان پێکراوە و کۆمەڵکوژ کراون، وەزارەتی بەرگری ڕووسیا هێزە چەکدارەکانیان  نارد تەنیا لە دامەزراوە سەربازییەکان و چەکدارانی ئۆکراینی بدەن،  ئەم هەڵمەتە بە پشتیوانیی هێزی رووسیا و  پۆلیسی کۆماری دەنێستک و لوگانسک بەڕێوە دەچێت."