ئەمەریکا هەڵوێستی خۆی دەربارەی هەڵبژاردنەوەی پوتن ڕاگەیاند

سولیڤان: هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڕووسیا نە ئازادانە نە دادپەروەرانە بوو
جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا
جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

جەیک سولیڤان ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا دەڵێ: ڤلادیمیر پوتن لەم هەڵبژاردنەدا ڕکابەرەکانی بە جۆرێک گەمارۆ داوە، هیچ دەرفەتێکی بۆ نەهێشتوونەتەوە، بۆیە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڕووسیا بە هیچ جۆرێک دادەپەروەرانە و ئازادانە نەبووە.

ڕاوێژکاری ئاسایشیی نیشتمانیی ئەمەریکا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا هەڵوێستی وڵاتەکەی دەربارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڕووسیا و هەڵبژاردنەوەی ڤلادیمیر پوتن ڕاگەیاند و گوتی: لە ڕاستیدا هیچ شتێک دەربارەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڕووسیا چاوەڕواننەکراو نەبوو، چونکە پوتن دۆخەکەی کۆنترۆڵکردووە و ڕکابەرە سیاسییەکانی گەمارۆداوە.

جەیک سولیڤان گوتیشی: تەنانەت بەشێک لە ڕکابەرەکانی پوتن بە شێوەیەکی خراپ مردوون، هەربۆیە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ڕووسیا نە ئازادانە بووە نە دادپەروەرانە.

راوێژکاری ئاسایشیی نەتەوەیی ئەمەریکا ئاماژەی دا، ئێستە ڕاستییەکە ئەوەیە ڤلادیمیر پوتن سەرۆکی ڕووسیایە و دەبێت ئێمە لە دۆسییەی شەڕی ئۆکرانیا مامەڵەی لەگەڵ بکەین، ئەگەرچی ئەو پرۆسەیەی ئەوی تێدا هەڵبژێردراوەتەوە هیچ خاڵێکی ئازاد و دادپەروەرانەی تێدا نەبووە.

ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە (17ی ئاداری 2024) سێیەم ڕۆژی پرۆسەی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی رووسیا كۆتایی هات و ڤلادیمیر پوتن تەمەن 71 ساڵ بە کۆکردنەوەی %88ی دەنگەكان بۆ شەش ساڵی دیکە و تا 2030 بە سەرۆکی ڕووسیای فیدراڵ هەڵبژێردرایەوە کە لە ساڵی 2000 ـەوە تا وەکوو ئێستە لە دەسەڵاتە و لە دوای جۆسێف ستالینەوە، لە مێژووی ڕووسیا و یەکێتی سۆڤییەت درێژترین ماوەی سەرۆکایەتی هەیە.